محەممەد سەڵاح بێدەنگی دەشکێنێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن محەممەد سەڵاح لیڤەرپوول
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

 

محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری بێدەنگی دەشکێنێت سەبارەت بە هۆکارەکانی رۆیشتنی لە لیڤەرپوول و دەڵێت "لەسەر ئامۆژگاریی ئەفسانەکە رۆیشتم!".
 
محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسری و باڵی یانەی لیڤەرپوول رایگەیاند، کە هەست بە 'ئارامییەکی دەروونی' دەکات بەرامبەر بە بڕیاری جێهێشتنی یانە ئینگلیزییەکە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، و جەختی کردەوە کە بەمەرجەکانی خۆی دوای کاروانێکی ناوازەی 9 ساڵە لە یاریگای ئانفێڵد، یانەکە جێدەهێڵێت.
 
رۆیشتنی سەڵاحی تەمەن 33 ساڵ دوای رێککەوتنێکی دۆستانە لەگەڵ کارگێڕیی یانەکە دێت بۆ کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکەی کە بڕیار بوو تاوەکو هاوینی 2026 بەردەوام بێت، لە هەنگاوێکدا کە ئاماژەیە بۆ کۆتاییهاتنی سەردەمێکی زێڕین بۆ یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی مێژووی نوێی لیڤەرپوول.
 
سەڵاح لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ستیڤن جێراردی کاپتنی پێشووی تیپەکە لەڕێگەی تۆڕی TNT Sportsـەوە گوتی "هەست دەکەم تێپەڕبوونی ئەم وەرزە وایکرد ئەم بڕیارە ئێستا بڕیارە راستەکە بێت، و منیش پێی ئاسوودەم. وەرزەکە بۆ هەموومان سەخت بوو، بەڵام هەموو ئەوەی روویدا وای لێکردم بڵێم: نەخێر، کاتی رۆیشتن هاتووە، بۆیە من دڵخۆشم".
 
ئەم وەرزە یەکێک بوو لە پڕگرژیترین وەرزەکانی کاروانی سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول، دوای ناکۆکییەکی ئاشکرا لەگەڵ ئارنێ سلۆتی راهێنەری هۆڵەندی لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا، کاتێک یاریزانەکە یانەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی 'خستوویەتییە بەردەم پاسەکە' واتا بەتەنیا جێیهێشتووە بۆ بەرەوڕووبوونەوەی رەخنەکان دوای دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی لە کاتی پاشەکشەی ئەنجامەکاندا.
 
سەرەڕای چاککردنەوەی پەیوەندییەکە دواتر دوای گەڕانەوەی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، بەڵام رێککەوتن لەسەر کۆتاییهێنان بە گرێبەستەکە بەبێ بەرامبەر، رەنگدانەوەی ئەوەیە کە پەیوەندی نێوان هەردوولا وەک پێشوو نەماوەتەوە.
 
سەڵاح ئاماژەی بەوە کرد کە ئامۆژگارییەکەی جێرارد یەکلاکەرەوە بووە و روونیکردەوە "دڵخۆشم کە ئێستا لە دەرگا گەورەکەوە دەچمە دەرەوە، چونکە ئەمە شتێک بوو تۆ پێت گوتم: بە مەرجەکانی خۆت بڕۆ، تاوەکو ئێستاش ئەو قسانەم لەبیرە".
 
سەرەڕای پێکانەکەی ئێستای، سەڵاح ئاماژەی بە ئەگەری گەڕانەوەی کرد پێش  دوایین یاری لە یاریگای ئانفێڵد بەرامبەر برێنتفۆرد، کە وەک ماڵئاوایییەکی فەرمی دەبێت لەگەڵ هاندەرانی لیڤەرپوول، کە هەمیشە ناویان دەچڕی.
 
ئەو ئەستێرە میسرییە گوتیشی "بەڕاستی هەست دەکەم زۆرم ماوە پێشکەشی بکەم. لەڕووی جەستەییەوە لە بارودۆخێکی زۆر باوەڕپێکراودام و ئەم وەرزە یاری زۆرم کردووە. هێشتا بڕیارم لەسەر وێستگەی داهاتووم نەداوە، بەڵام چەندین بژاردەی باشم لەبەردەستدایە".
 
رۆیشتنی سەڵاح، لەگەڵ ئاندی رۆبەرتسۆنی بەرگریکاری چەپ، زیانێکی گەورەیە لەڕووی ئەزموون و سەرکردایەتی ناو ژووری جلگۆڕینی جلوبەرگەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە لیڤەرپوول خۆی بۆ قۆناخێکی نوێی گواستنەوە ئامادە دەکات دوای خەرجکردنی نزیکەی 450 ملیۆن پاوەند لە بازاڕی گواستنەوەکاندا، بۆ دووبارە بونیادنانەوەی تیپەکە دوای رۆیشتنی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری پێشوو.
 
سەڵاح باسی لە میراتی ئەو تیپە کرد کە سەرکردایەتی دەکرد بۆ بردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەساڵی 2019 و خولی ئینگلیزی لە 2020 و گوتی "هەموو یاریزانەکان هەمان ئامانجمان هەبوو. هیچ کەمتەرخەمییەک نەبوو، پاڵەوانی تاکەکەسی بوونی نەبوو. هەمووان دەیانزانی دەبێت چی بکەن، ئەگەر بەڕاستیش ئەنجامت نەدایە، ئەوا ئەوی دیکە گوشاری لێ دەکردیت بۆ ئەوەی بەڕاستی ئەنجامی بدەیت".
 
لە کۆتاییدا محەممەد سەڵاح گوتی "لە ماوەی ساڵانی رابردوودا ئەو پەیوەندییە بەهێزەمان هەبوو، لە ناخی دڵمەوە هیوادارم ئەوە نەگۆڕێت. تیپەکە ئێستا دەگۆڕێت، بەڵام هیوادارم یاریزانە نوێیەکان هەمان رۆح و پێوەر بپارێزن کە لیڤەرپوولی گەیاندە ئەم ئاستەی ئەمڕۆ".
 
بەڕۆیشتنی محەممەد سەڵاح، لیڤەرپوول لاپەڕەی یەکێک لە گەورەترین وەرزەکانی مێژووی نوێی خۆی دادەخات، دوای ئەوەی ئەستێرە میسرییەکە تیپەکەی گەیاندە لووتکەی ئەورووپا و ئینگلتەرا و چەندین ژمارەی پێوانەیی تۆمارکرد، کە کردیانە یەکێک لە گەورەترین گۆڵکارانی مێژووی یانەکە و ئایکۆنێکی جیهانی پرێمەرلیگ و تۆپی پێ.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە