سعودییەکان واز لە سەڵاح ناهێنن

28-08-2023
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن ئیتیحاد خولی سعودیە لیڤەرپوول
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئیتیحادی سعودی سوورە لەسەر گرێبەستکردن لەگەڵ محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی یانەی لیڤەرپوول و دەستەوارەیەکی نوێی ئامادەکردووە.
 
سەرچاوەیەکی ئەمریکی ئاشکرایکردووە ئیتیحاد دەستەوارەیەکی نوێی بەبڕی 150 ملیۆن یۆرۆ بۆ رازیکردنی لیڤەرپوول بەدەستهەڵگرتن لە سەڵاح ئامادەیە.
 
سەرچاوەکە دەڵێ، دەستەوارە سعودیەکە بریتییە لە 100 ملیۆنی کاش و 50 ملیۆن گۆڕانکاریی کە پەیوەستە بە ئاستی سەڵاح لەگەڵ یانەکە و مەرجەکانیش مەرجی ئاسانن.
 
دەرگای گواستنەوەی یاریزانان لە خولی سعودیە رۆژی 20ی مانگی نۆ دادەخرێت، لە کاتێکدا دەرگای گواستنەوەی هاوینەی ئەوروپا لە رۆژی 31ی ئەم مانگەدا دادەخرێت، ئەوەش هەلی ئەوە بە یانە سعودییەکە دەدات ماوەی زیاتری لەبەردەستدابێت بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ سەڵاح، ئەگەرچی بازاڕی گواستنەوەی ئەوروپا داخرابێت.
 
ئەگەر لیڤەرپوول بە دەستەوارەی یانە سعودیەکە رازی ببێت، سەڵاح دەبێتە گرانترین یاریزانی مێژووی خولی سعودیە.
 
پێشتر یانەکانی سعودیە گرێبەستیان لەگەڵ چەندین یاریزانی دیاری ئەوروپادا کردووە، لەوانەش کەریم بنزیما، فیرمینیۆ، برۆزۆڤیچ، مانێ و نەیمار داسێلڤا.
 
ئەگەرچی هەوڵەکانی ئیتیحاد بۆ بەدەستهێنانی سەڵاح بەردەوامن، بەڵام یۆرگن کلۆپ، راهێنەری یانەکە پێش دوا یاریی تیپەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ گوتی، "سەڵاح یاریزانی لیڤەرپوولە و بەشێکی سەرەکیی هەموو پلانەکانمانە، ئەگەر دەستەوارەشمان پێبگات وەڵامی ئێمە نەخێرە".
 
بەپێی ئەو سەرچاوە ئەمریکییە، مووچەی سەڵاح لەگەڵ ئیتیحاد نزیک دەبێت لەو مووچەیەی هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە نەسڕ و نەیمار لە هیلال وەریدەگرن.
 
بەپێی سەرچاوەکان، نەیمار و کریستیانۆ ساڵانە 200 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرن.
 
پێشتر سەرچاوەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردبوو، محەممەد سەڵاح گڵۆپی سەوزی بۆ سعودییەکان هەڵکردووە و بەچوونە یانەی ئیتیحاد رازییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە