یانەیەکی بەنێوبانگ داوای گرێبەست لە ئەفسانەی پێشووی ریال مەدرید دەکات

02-11-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کەریم بنزیما یانەی گریمۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی گریمۆی بەرازیلی بڕیارە دەست بکات بە دانوستاندن بۆ گواستنەوەی کەریم بنزیمای یاریزانی یانەی ئیتیحادی سعودی بۆ ریزەکانی.
 
کەریم بنزیمای فەرەنسی، هێرشبەری یانەی ئیتیحادی سعودی، چووەتە نێو بازنەی گرنگیپێدانی یەکێک لە دیارترین یانەکانی بەرازیل، بەو پێیەی یانەی گریمۆ هەوڵدەدات لە ماوەی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵدا بکات.
 
هێشتا نادیارییەک لەسەر داهاتووی بنزیما لەگەڵ ئیتیحاد و مانەوەی لەم یانەیە هەیە، بەتایبەتی کە گرێبەستەکەی لە حوزەیرانی 2026 کۆتایی دێت و گومانەکان لەبارەی ئەگەری رۆیشتنی لە تیپەکە پێش کۆتاییهاتنی ماوەکە زیاتر بووە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رۆژنامەی Bolavip، یانەی گریمۆی بەرازیلی خوازیارە بنزیمای تەمەن 37 ساڵ و خاوەنی باڵۆندۆر  بباتە ریزەکانی و پێشتر پەیوەندی سەرەتایی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یاریزانەکە ئەنجامداوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری گەیشتن بە رێککەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵیدا.
 
سەرچاوەکە، بەپشتبەستن بە زانیارییەکانی رادیۆ گاوتشا، ئاماژەی بەوەداوە کە پاولۆ کالێڤی،  بەربژێری سەرۆکایەتی یانەی گریمۆ، بەڵێنی بە هاندەرانی تیپەکە داوە کە گرێبەست لەگەڵ یاریزانی ئاستبەرز و خاوەن مێژووی گەورە لە تۆپی پێدا بکات، و ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی فەرەنسا لەسەرووی لیستی ئامانجەکانی داناوە.
 
بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە کالێڤی ئاماژەیان بەوەداوە کە گرێبەستکردن لەگەڵ بنزیما ئاسان نییە، چونکە هێرشبەرە فەرەنسییەکە لەگەڵ یانەی ئیتیحادی سعودی مانگانە مووچەکەی دەکاتە 25 بۆ 50 ملیۆن ریالی بەرازیلی، کە بڕێکی زۆر گەورەیە و یانەکەی بەرازیل ناتوانێت ئەو بڕە پارەیە دابین بکات.
 
کەریم بنزیما لە هاوینی 2023ریزەکانی ریال مەدریدی بەجێهێشت و گواسترایەوە بۆ یانەی ئیتیحاد، و پێشتر ئارەزوویەکی روونی دەربڕیبوو بۆ گەڕانەوە بۆ ئەورووپا بۆ ئەوەی لەوێ کۆتایی بە کاروانی وەرزشیی خۆی بهێنێت.
 
لەدوای گواستنەوەی بۆ ئیتیحاد، یاریزانە نێودەوڵەتییەکەی فەرەنسا لەگەڵ یانەکەی لە 69 یارییدا بەشداری کردووە و 42 گۆڵی تۆمارکردووە و لە 17 گۆڵی دیکەشدا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەشدار بووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە