رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران ئاشکرایکردووە، هاوینی ئەمساڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکە بەشداریی لە مۆندیالی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەکات، بەڵام داوایکردووە وڵاتەکە میوانداریکەرەکان، ترسی هەڵبژاردەکە لەچاوبگرن. کۆمەڵێک مەرجی بۆ بەشداریکردنەکەی داناوە.
هەڵوێستە نوێیەکەی ئێران، پاش نزیکەی دوو هەفتە لە هەڵوێستی کەنەدا دێت کە رێگەی نەدا، مەهدی تاجی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران، بەشداریی لە کۆنگرەی گشتیی فیفا بکات، کە وڵاتەکە میوانداریی کردبوو.
تاج لەلایەن حکومەتی کەنەداوە بە ئەندامی 'سوپای پاسداران' ناوبرا و حکومەتی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بەپێی یاساکانی دژەتیرۆری وڵاتەکە، هیچ ئەندامێکی ئەو رێکخراوە، بۆی نییە بێتە نێو خاکی کەنەداوە، هەربۆیە تاج و دوو یاوەری، لە فڕۆکەخانەی ڤانکۆڤەرەوە، بەرەو ئێران گەڕانەوە.
بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە 28ی مانگی دووی ئەمساڵ، ئەگەری بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە پاڵەوانێتییە جیهانییەکە، تاوەکو ئێستا گومانی لەسەرە، لە کاتێکدا کە جیانی ئینفانتینۆی سەرۆکی فیفا، لە کۆنگرەی فیدراسیۆنەکەیدا دووپاتیکردەوە، "هەڵبژاردەی ئێران بەشداریی لە مۆندیالدا دەکات".
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لە راگەیێنراوێکدا دەڵێ، "بەدڵنیاییەوە بەشداریی لە جامی جیهانیی 2026 دەکەین، بەڵام دەبێ وڵاتانی رێکخەری پاڵەوانێتییەکە، دوودڵییەکانمان لەبەرچاو بگرن".
هەروەها دەڵێ، "بەشداریی لە مۆندیالدا دەکەین، بەبێ پاشەکشە لەهیچکام لە بیروباوەڕ، کولتوو و بۆچوونەکانمان".
رۆژی هەینی، مەهدی تاج لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا گوتی، "تاران 10 خاڵی وەک مەرجی بەشداریکردن لە مۆندیال، لەبارەی مامەڵەی وڵاتانی رێکخەری پاڵەوانێتییەکە داناوە".
بەپێی مەرجە ئاشکراکراوەکان، ئێران دەیەوێت دڵنیابێتەوە سەرجەم ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە ڤیزای هەرسێ وڵاتیان پێدەدرێت، ئەمە جیا لە نمایشکردنی ئاڵا و پەخشکردنی سروودی نیشتمانی لەکاتی یارییەکان.
ئێران هەروەها مەرجی لەبارەی دابینکردنی سیکیوریتی و ئاسایشێکی تووند بۆ هەڵبژاردەکەی لە فڕۆکەخانە، هوتێل و رێگای یاریگاکان کردووە.
پێشتر، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، پێشوازی لە هاتنی یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران بۆ مۆندیال دەکەین، بەڵام دەبێ ئاگاداربن کە ئەمریکا رێگە بەچوونە ناوەوەی ئەو کەسانە نادات، کە ئەندامی سوپای پاسدارانن و لەژێر ناوی جیاوازی پەیوەست بەهەڵبژاردەکە، دەیانەوێت بێنە نێو خاکی ئەمریکاوە.
مەهدی تاج لە چاوپێکەوتنەکەی هەینیدا دەڵێ، "پێویستە ڤیزا بدرێتە هەموو یاریزانان و دەستەی تەکنیکیی هەڵبژاردەکە، بەتایبەتیش ئەوانەی خزمەتی سەربازییان لە ریزەکانی سوپای پاسدارانی ئیسلامیدا تەواوکردووە، هاوشێوەی یاریزانانی وەک مەهدی تاریمی و ئیحسان حاجی سافی".
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران لای خۆیەوە دووپاتیکردووەتەوە، "هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت ئێران لە بەشداریکردن لەو پاڵەوانێتییە بێبەش بکات، کە بەلێهاتوویی خۆی بۆی سەرکەوتووە".
بڕیارە شاندی هەڵبژاردەی ئێران لەماوەی بەشداریکردنی لە مۆندیال، لە شاری تۆکسۆنی ویلایەتی ئەریزۆنا بمێنێتەوە و لە کۆمەڵەی حەوتەمدا، بەرامبەر هەڵبژاردەکانی بەلجیکا، میسر و نیوزیلەندا یاریی بکات.
یەکەم یاریی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال، رۆژی 15ی مانگی شەش دەبێت بەرامبەر هەڵبژاردەی نیوزیلەندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ