رووداو دیجیتال
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، هاوژینی ئەو یاریزانە دەیەوێت هەنگاوێک بە لیۆ بهاوێژێت، کە مێسی نایەوێت بیکات.
لیۆنێل مێسی و ئەنتۆنێلای هاوژینی چیرۆکێکی گەورەی خۆشەویستییان هەیە، کە هەمیشە وەک دوو هاوژینی لەیەکگەیشتوو دەردەکەون، بەڵام لەوانەیە بۆ جاری یەکەم بێت ئەنتۆنێلا کێشە بۆ لیۆ دروست بکات، کە بەپێی سەرچاوەیەکی نزیک لە مێسی، هاوژینەکەی گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر لیۆ بۆ ئەوەی بچێتە ئەمریکا و یاری بۆ یانەی ئینتەرمیامی بکات، کە داڤید بێکهامی ئەفسانەی تۆپی پێی ئینگلیزی سەرۆکایەتی دەکات.
لیۆنێل مێسی، ئێستا ئازادە و دەتوانێت دانوستاندن لەگەڵ یانەکانی دیکە بکات و لە هاویندا بەخۆڕایی ریزەکانی بارسێلۆنا جێبهێڵێت.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، ئانتۆنێلا کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوژینەکەی لویس سوارێز زۆر بەهێزە و هەمیشە وەک دوو هاوڕێی نزیک لە بارسێلۆنا ژیاون، دەیانەوێت جارێکی دیکە لە ئەمریکا لە نزیک یەکدی بژینەوە، بۆیە دەکرێت ئەو دووانە پلانێکی هاوبەشیان هەبێت بۆ ئەوەی هاوژینەکانیان ببەنە ئەمریکا، کە پێشتریش بێکهام بە ئاشکرا رایگەیاندووە کە حەزدەکات مێسی و سوارێز پێکەوە بباتە ریزەکانی ئینتەرمیامی.
ئەو سەرچاوەیە باس لەوە دەکات کە مێسی نایەوێت ئیستا بچێتە ئەمریکا و حەزدەکات بەلای کەمەوە دوو ساڵی دیکە لە ئەوروپا یاری بکات، بەڵام ئایا لیۆ دەتوانێت داواکەی ئەنتۆنێلا رەتبکاتەوە؟ ئەمە پرسیارە گرنگەکەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ