رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەی ریال مەدرید، لیستێکی رەشی بۆ یاریزانانی تیپەکەی ئامادە کردووە و واژۆی لەسەر دەرکردنی سێ ئەستێرە لە یانەکە کردووە.
داهاتووی ئەلڤارۆ ئەربێلوا وەک راهێنەری یانەی ریال مەدرید هێشتا لەنێوان مانەوە و رۆیشتندایە، بەڵام زانیارییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو راهێنەرە دەستی بە پلانەکانی بۆ وەرزی داهاتوو کردووە و بڕیاری دەستبەرداربوون لە سێ یاریزانی تیپەکەی داوە.
دوای دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ و سپاردنی ئەرکی راهێنەرایەتی بە ئاربێلوا، هێشتا وردەکارییەکانی گرێبەستە نوێیەکەی ئاشکرا نەکراون، بەڵام ماڵپەڕی دیفێنسا سێنتراڵی ئیسپانی بڵاویکردەوە، کە ئاربێلوا رەزامەندی نیشانداوە لەسەر فرۆشتنی سێ یاریزان کە کارگێڕیی یانەکەش دەیانەوێت بییانفرۆشن.
ئەو یاریزانانەی لە لیستە رەشەکەی ئاربێلوادان بۆ فرۆشتن بریتین لە:
1 - دانی سێبایۆس (یاریزانی هێڵی ناوەڕاست).
2 - فێرلان مێندی (بەرگریکاری چەپ).
3 - فران گارسیا (بەرگریکاری چەپ).
ناهێڵێت یاریزانێکی بڕوات
لە بەرامبەردا، ئاربێلوا دەیەوێت بەپێچەوانەی خواستی هەندێک لە بەرپرسانی یانەکە، ئێدواردۆ کاماڤینگای فەرەنسی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بهێڵێتەوە. سەرەڕای ئەوەی کاماڤینگا لەم وەرزەدا ئاستی وەک پێویست نەبووە، بەڵام ئاربێلوا متمانەی تەواوی پێیەتی و وەک یاریزانێکی فرەکارامە بۆ وەرزی داهاتوو پشتی پێدەبەستێت.
چارەنووسی ئاربێلوا لەسەر چی وەستاوە؟
سەرچاوەکان لە نێو یانەی شاهانەوە دەڵێن، تاوەکو ئێستا کەس نازانێت ئاربێلوا وەرزی داهاتوو دەمێنێتەوە یان نا. هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە ئەنجامەکانی کۆتایی ئەم وەرزە؛ ئەگەر ریال مەدرید بتوانێت نازناوی لالیگا یان چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنێت، ئەوا چانسی مانەوەی ئاربێلوا زۆر دەبێت، بەپێچەوانەوە یانەکە بیر لە راهێنەری دیکە دەکاتەوە.
شوێنگرەوە ئەگەرییەکانی ئاربێلوا
هەر لە ئێستاوە ناوی چەند راهێنەرێکی گەورە بە یانە مەدریدییەکە دەبیسترێتەوە، لەوانە یۆرگن کڵۆپی ئەڵمانی و جۆزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، بەڵام رامۆن ئەلڤارێز دی مۆن، رۆژنامەنووسی نزیک لە یانەکە، ئاشکرایکردووە کە ئۆنای ئیمرێ راهێنەری ئێستای ئاستۆن ڤێلا، بەهێزترین بەربژێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید ئەگەر ئاربێلوا دووربخرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ