نادال بە ئاسانی گەیشتە قۆناخی هەشتی رۆڵاند گارۆس

04-10-2020
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن رافایێل نادال
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

رافایێل نادال، ئەستێرەی ئیسپانی و پاشای پاڵەوانێتی کراوەی فەرەنسا، خۆی گەیاندە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە، دوای ئەوەی بە ئاسانی سەرکەوتنی بەرامبەر سێباستیان کوردای ئەمریکی بەدەستهێنا.

لە یارییەکەدا وەک چاوەڕواندەکرا، ماتادۆر بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و بە سێ کۆمەڵەی بێبەرامبەر یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی یەکلاییکردەوە.

نادال هەر زوو کۆمەڵەی یەکەمی بە شەش یەک بردەوە، پاشان درێژەی بە باڵادەستیی خۆی دا و کۆمەڵەی دووەم و سێیەمیشی بە شەش یەک و شەش دوو بردەوە و گەیشتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.

لە قۆناخی هەشتدا، تێنسزانەکەی مایۆرکا بەرامبەر براوەی یاریی نێوان یانیک سینەری ئیتالی و ئەلیکساندەر زڤێرێڤی ئەڵمانی یارییدەکات.

نادال بە پاشای پاڵەوانێتی رۆڵاند گارۆس ناسراوە، 12 جار نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەوە و خاوەنی ریکۆردی مێژووییە، دوایینجار کە نازناوەکەی بردەوە ساڵی رابردووبوو و دەیەوێت پارێزگاری لە نازناوەکەی بکات، لەکاتێکدا پێش ئەم پاڵەوانێتییە بەشداریی لە پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکادا نەکرێت، کە ئەویشیان یەکێک لە پاڵەوانێتییەکانی گراندسلامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە