رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی بارسێلۆنا دەڵێت "بیر لە بردنەوەی باڵۆن دۆر ناکەمەوە و ئامانجەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا ئیسپانیا ئاشکرا دەکات."
یامال یەکێک بوو لە دیارترین ئەستێرەکانی ئاهەنگی گەورەی رۆژنامەی 'موندۆ دیپۆرتیڤۆ' کە بەبۆنەی 120 ساڵەی دامەزراندنی رۆژنامەکەوە رێکخرابوو و لە رێوڕەسمەکەدا لامین خەڵاتکرا.
پێش وەرگرتنی خەڵاتی "موندۆ دیپۆرتیڤۆ" بۆ وەرزی رابردووی، یامال لێدوانی بۆ رۆژنامەکەدا و سوپاسی هەمووانی کرد بۆ خەڵاتەکە و گوتی: "ئەمە شانازییە بۆ من و خێزانەکەم و هاوڕێیانم، زۆر دڵخۆشم و هیوادارم ئەمساڵ باشتر بێت." سەبارەت بە ئامانجەکانیشی گوتی: "ئێستا ساتە یەکلاکەرەوەکان نزیک دەبنەوە، لێرەدا دەبێت یاریزانە دیارەکانی تیپەکەمان دەربکەون. من چێژ لەم ساتە وەردەگرم و هەوڵی زیاتر دەدەم."
سەرەڕای ئەوەی بارسێلۆنا لە پێشەنگی خولی ئیسپانیایە، لامین جەخت دەکاتەوە کە دەبێت تاوەکو کۆتایی بجەنگن بۆ پاراستنی نازناوەکە. ئەو یاریزانەی بارسا دەڵێت: "ئەمە قورسترین پاڵەوانێتییە چونکە درێژترینە، تاوەکو دوایین سات هیچ شتێک یەکلایی نابێتەوە، وەک ساڵی رابردوو دەبێت تاوەکو کۆتایی بجەنگین و خاڵەکان کۆبکەینەوە و هیچ یارییەک نەدۆڕێنین، چونکە هەموویان گرنگن، هیوادارین تێیدا سەرکەوتوو بین."
سەبارەت بە خولی پاڵەوانەکانیش لامین گوتی "ئەمساڵ جیاوازە لە وەرزی رابردوو؛ پێگەکەمان هیچ ناگەیەنێت جگە لەوەی دەتوانین کەمێک پشووی زیاتر بدەین، رکابەرەکەمان هەرکەسێک بێت، هەموو هەوڵێکی خۆمان بۆ بردنەوە دەدەین."
لە درێژەی قسەکانیدا یامال دەڵێت "شێوازی یاریکردنی من تەنیا لەسەر پێویستی گۆڵ تۆمارکردن نییە، راستە ئەم بابەتە مشتومڕی لەسەرە، چونکە کاتێک باش یاری دەکەم دەڵێن چونکە گۆڵی نەکردووە، کاتێکیش گۆڵ دەکەم دەڵێن چونکە باش یاری نەکردووە، بەڵام من دەمەوێت باش یاری بکەم و تیپەکە بیباتەوە و لەسەر ئەم ریتمە بەردەوام بین."
سەرەڕای ئەوەی پلەی دووەمی لە خەڵاتی باڵۆن دۆری 2025 بەدەستهێنا، لامین روونیکردەوە کە ئەم بابەتە سەرقاڵم ناکات و گوتی: "بیری لێ ناکەمەوە. ئەوە خەڵاتێکە، ئەگەر بیری لێ بکەیتەوە وەڵامێکی بۆ نادۆزیتەوە. بابەتەکە بەندە بەوەی چی دەبەیتەوە و چۆن یاری دەکەیت و کێ دەنگ دەدات، تەنیا پەیوەندی بە ئاستی خۆتەوە نییە. من تەنیا دەمەوێت چێژ لە یاریکردن وەربگرم و لەگەڵ بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی نیشتمانی نازناو ببەمەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ