پەیامێک لە ئێمباپێیەوە بۆ هاندەرانی ریال مەدرید

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدرید لە پەیامێکدا راستییەکان بۆ هاندەرانی یانەی شاهانە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەوەی دەربارەی من گوتراوە درۆیە".
 
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و هێرشبەری ریال مەدرید، کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا کە لەم دواییانەدا دەربارەی پێکانەکەی ئەژنۆی بڵاوکرابوونەوە و ببووە هۆی دوورکەوتنەوەی لە چەندین یاری گرنگ.
 
ئێمباپێ لە کاتی چالاکییەکی پڕوپاگەندەیی لە فەرەنسا، دووپاتیکردەوە کە بەتەواوی لە کێشەکانی ئەژنۆی رزگاری بووە و ئەو هەواڵانەشی کە دەربارەی پێکانەکەی بڵاوکرابوونەوە، بە 'درۆ' ناویبردن.
 
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئێمباپێ گوتوویەتی "ئەژنۆم باشە، تەنانەت زۆر باشترە و بەرەو باشبوون دەچێت، هەرچەندە دەزانم کە پێشبینی زۆر و هەندێک قسەی نادروستی لەسەر کراوە".
 
گوتیشی "ئەمە ژیانی وەرزشوانە پیشەگەرەکانە، ئێمە راهاتووین گوێمان لە خەڵک بێت شت دەڵێن بێئەوەی لێی بکۆڵنەوە یان پشت بە هیچ بنەمایەکی راستی ببەستن".
 
ئەم یاریزانەی مێرێنگی، پێشتر تووشی پێچخواردنی ئەژنۆی چەپی ببوو، کە وایکرد لە هەفتەکانی رابردوودا نەتوانێت وەک یاریزانی سەرەکی لەگەڵ ریال مەدرید بەشداری بکات.
 
ئێمباپێ جەختی کردەوە "لە 100٪ چاکبوومەتەوە، لە پاریس پشکنینی وردم بۆ کراوە و تیمی پزیشکی پلانێکیان داناوە بۆ ئەوەی بگەڕێمەوە سەر باشترین ئاستم لەگەڵ یانەی شاهانە، لەگەڵ بایەخدان بە مۆندیالی 2026".
 
لە دوو یاریی کۆتایی ریال مەدریددا، ئێمباپێ وەک یاریزانی یەدەگ بەشداری کرد؛ یەکەمیان بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ و دووەمیان لە دێربیی مەدرید، کە تێیدا ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری کاتی، بەوریاییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرد.
 
ئێستا هێرشبەرە فەرەنسییەکە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەتی بۆ ئامادەکاری بۆ دوو یاریی دۆستانە لە ماوەی وەستانی نێودەوڵەتیدا، کە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کەڵەشێرەکان رووبەڕووی بەرازیل دەبنەوە کە هەردوو هاوڕێکەی لە ریال مەدرید، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و ئێندریک لەوێ ئامادەن، و رۆژی یەکشەممەش بەرامبەر کۆڵۆمبیا یاری دەکەن.
 
ئێستا پرسیارە هەرە گرنگەکە ئەوەیە؛ دیدێ دیشامپی راهێنەر چەند خولەک یاری بە ئێمباپێ دەکات لەم دوو یارییەدا؟ بەتایبەت دوای ئەو مامەڵە وریایەی کە لە ریال مەدرید لەگەڵی دەکرا سەرەڕای سەرکەوتنی تیپەکە لە یارییەکاندا.
 
پێشتر تۆڕی کادینا سێر دوو هەفتە لەمەوبەر رایگەیاندبوو کە پێکانەکەی ئێمباپێ تەنیا "وەرگەڕانێکی سادەی ئەژنۆ" نییە وەک ئەوەی یانەکە لە بڵاوکراوە فەرمییەکانیدا دەڵێت، بەڵکو قورسترە. تۆڕەکە ئاماژەی بەوەش کردبوو کە ئەگەر یاریزانەکە لە مانگی 12ـی رابردووەوە وازی لە یاریکردن بهێنایە زووتر چاک دەبووەوە، بەڵام بەردەوامبوونی لە یاریکردن سەرەڕای ئازار، بووەتە هۆی لاوازییەکی زۆر لە بەستەرەکانی ئەژنۆیدا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە