رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بەشێوەیەکی فەرمی بڕیاریدا یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا لە شاری جەددەی سعودیە تەواو بکرێن.
بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئیسرائیل - ئەمریکا لەگەڵ ئێران هاتە ئاراوە، یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا لە بەشی رۆژئاوای کیشوەرەکە ماوەیەکی زۆرە دواخراون، هەر بەو هۆیەشەوە بڕیاردرا یارییەکانی پاڵەوانێتییەکە بە یەک یاری تەواو بکرێن.
یارییەکانی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا لە قۆناخی شازدەوە راگیراون، سەرجەم یارییەکانی بە بڕیاری فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا بەشێوازی یەک یاری لە جەددە دەکرێن.
بەپێی ئەو خشتەیەی فیدراسیۆنەکە دایناوە لەنێوان 13 بۆ 25ـی 4 هەموو یارییەکانی قۆناخەکانی کۆتایی بەڕێوەدەچن، بە جۆرێک رۆژی 16ـی4 یارییەکانی قۆناخی هەشت دەستپێدەکەن و لە ماوەی دوو رۆژدا یارییەکانی بەڕێوەدەچن، پاشان لە رۆژانی 20 و 21ـی مانگ یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی دەکرێن.
رۆژی 25ـی4 یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان دوو یانەی بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاڤای کیشوەرەکە بەڕێوەدەچێت و براوەی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا یەکلادەبێتەوە.
یارییەکانی قۆناخەکانی کرانە دەرەوە لە چامپیۆنزلیگدا، لە هەردوو یاریگەی شا عەبدوڵڵا و شا فەیسەڵ بەڕێوەدەچن.
لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگی بژاردەی ئاسیا لە بەشی رۆژئاڤای کیشوەرەکە یارییەکان بەمشێوەیەن.
شەباب ئەهلی دوبەی ئیماراتی - تراکتۆری ئێرانی
دحێلی قەتەری - ئەهلی سعودی
هیلالی سعودی - سەدی قەتەری
وەحدەی ئیماراتی - ئیتیحادی سعودی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ