ڤیدیۆ؛ سەردەمی نوێی بەرازیل لەگەڵ ئەفسانەیەکی راهێنەران دەستپێدەکات

05-06-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کارلۆ ئەنچێلۆتی
کارلۆ ئەنچێلۆتی
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی هەینی و یەکەم رۆژی جەژن، هەڵبژاردەی بەرازیل دەچێتە نێو قۆناخێکی نوێ و سەردەمێکی نوێی تۆپی پێ لەو وڵاتە دەستپێدەکات، کاتێک هەڵبژاردەکە یەکەم یاریی لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی ئەنجامدەدات.
 
چەند رۆژێکە هەڵبژاردەکە لەژێر سەرپەرشتی راهێنەرە بەنێوبانگەکە ئامادەکارییەکانی بۆ پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ئەنجامدەدات و تیپەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڵبژاردەی ئیکوادۆر ئامادەیە و یارییەکە کاژێر 02:00 بەرەبەیان بەڕێوەدەچێت.
 
بەرازیل دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە لە گوایاگیل ئەنجامدا، بۆ ئەم یارییە نەیمار داسیلڤا و رۆدریگۆ بانگهێشت نەکراون، بەڵام سەرجەم یاریزانە بانگهێشتکراوەکان بۆ یارییەکە ئامادەن و سامبا دەیەوێت بەبردنەوە لەگەڵ راهێنەرە نوێیەکەی بچێتە نێو رکابەرییەکان.
 
بەرازیل بەر لە ئەنجامدانی ئەم یارییە لە پلەی چوارەمی ریزبەندی هەڵبژاردەکانی ئەمریکای باشوورە و خاوەنی 21 خاڵە، ئیکوادۆر لە پلەی دووەم خاوەنی 23 خاڵە و خاوەن یاریگە دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە گەیشتن بە مۆندیال نزیک ببێتەوە.
 
لە ماوەی 100 ساڵی رابردوودا یەکەمجارە راهێنەرێکی دەرەوەی بەرازیل راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە وەردەگرێت، ئەنچێلۆتی دەیەوێت کار بۆ راستەرێکردنەوەی تۆپی پێی وڵاتەکە بکات، لەکاتێکدا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تۆپی پێ لە بەرازیل بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردەکەش خراپن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە