ڤیدیۆ؛ یاریگەکانی کۆپا ئەمریکای 2024

05-12-2023
ئیحسان تاهیر
سۆفی ستادیۆم
سۆفی ستادیۆم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هاوینی داهاتوو 14 شاری ئەمریکا میوانداری پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا دەکەن، یارییەکانی قۆناخی پێشکۆتایی لە ئیست رەزەرفۆرد لە ویلایەتی نیوجێرسی و شارلۆتی ویلایەتی کارۆلینای باکوور بەڕێوەدەچن، پێش ئەوەی یاریی کۆتایی لە 14ـی تەممووز لە مەیامی گاردنز لە ویلایەتی فلۆریدا ئەنجام بدرێت.
 
یەکێتیی تۆپی پێی ئەمریکای باشوور، ئەمریکای باکوور، ئەمریکای ناوەڕاست و کاریبی لیستی ناوی ئەو شارانەیان ئاشکراکرد کە میوانداری پاڵەوانێتییەکە دەکەن، کە 16 تیپ لەخۆدەگرێت. 
 
یارییەکانی قۆناخی چارەکی کۆتایی رۆژی 4ـی تەممووز لە یاریگەی ئێن ئاڕ جی لە شاری هیوستن، لە رۆژانی 5ـی تەممووز لە یاریگای ئای تی ئاند تی لە شاری ئارلینگتۆن لە ویلایەتی تێکساس و لە 6ـی تەممووز لە یاریگەی ستێت فارم لە شاری گلێندەیڵ لە ویلایەتی ئەریزۆنا و یاریگەی ئەلیجییانت لە لاس ڤێگاس بەڕێوەدەچن.
 
هەروەها هەردوو یارییەکەی قۆناخی پێشکۆتایی لە 9ـی تەممووز لە یاریگەی مێتلایف لە ویلایەتی نیوجێرسی و رۆژی دواتر لە یاریگەی بانکی ئەمریکا لە شارلۆت بەڕێوەدەچن. یاریی پلە سێیەم لە شاری شارلۆت لە 13ـی تەممووز، بەر لە یاریی کۆتایی بەڕێوەدەچێت.
 
بڕیارە پێنجشەممەی داهاتوو تیروپشکی کۆپا ئەمریکا لە شاری مەیامی بەڕێوەبچێت.
 
کۆنفیدراسیۆنی ئەمریکای باشوور و ناوەڕاست و کاریبی (کۆنمیبۆڵ) و کۆنکاکاف مانگی رابردوو رایانگەیاند کە یاریی یەکەمی یارییەکە لە 20ـی حوزەیران لەسەر یاریگەی مێرسیدس بێنز ئارێنا لە ئەتەلانتا بەڕێوەدەچێت و یاریگەی هارد رۆک لە مەیامی شوێنی یاریی کۆتایی دەبێت. 
 
پاڵەوانێتی کۆپا ئەمریکا لە ساڵی 2024 گەورەتر دەبێت و شەش تیپی ئەمریکای باکوور لەگەڵ 10 هەڵبژاردەی ئەمریکای باشوور کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکە، ئەمەش دووبارەبوونەوەی ئەو وەشانەیە کە لە ساڵی 2016 بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی سەدەمین ساڵیادییەوە بەڕێوەچوو، و تاکە جاربوو پاڵەوانێتییەکە  لە دەرەوەی ئەمریکا لاتینی بەڕێوەبچێت.
 
لە کۆپا ئەمریکای 2024 شەش تیپی کۆنکاکاف بەشداری دەکەن کە بریتین لە ئەمریکا، مەکسیک، جامایکا و پەنەما، جگە لە براوەی یارییەکانی پلەی ئۆف لە 23ـی ئازاردا لە نێوان کۆستاریکا و هندۆراس، هەروەها لە نێوان کەنەدا و ترینیداد و تۆباگۆ ئەنجام دەدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە