شۆک.. ئەلۆنسۆ داوایکردووە مۆدریچ لە ریال مەدرید بمێنێتەوە، بەڵام رەتکراوەتەوە

5 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید لوکا مۆدریچ چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، هاوینی رابردوو چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری نوێی ریال مەدرید، داوای مانەوە و بەردەوامبوونی لوکا مۆدریچی کردووە، یاریزانەکەش ویستی مانەوەی هەبووە، بەڵام کارگێڕیی یانەکە رازی نەبوون.
 
مۆدریچ پاش 13 ساڵ مانەوە لە ریال مەدرید، هاوینی رابردوو ریزەکانی ئەو یانەیە بەجێهێشت و بەخۆڕایی پەیوەندی بەمیلانی ئیتاڵییەوە کرد. لە کاتێکدا ریال مەدرید پێیوابوو ئەو یاریزانە توانای یارییکردنی بەردەوامی نەماوە و کاریگەریی لە تیپەکەدا کەمبووەتەوە، لە میلان، مۆدریچ بووە یاریزانی سەرەکی و بەتەمەنی 40 ساڵییەوە کاریگەرترینی پێکهاتەکەی ماسیملیانۆ ئالێگری راهێنەری ئەو یانەیەیە.
 
مۆدریچ بەر لە رۆیشتنی لە ریال مەدرید، بووە خاوەنی زۆرترین نازناو لە مێژووی یانەکەدا پاش بەدەستهێنانی 28 نازناو لەگەڵ یانەکە.
 
بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵی ئیسپانیا، چابی ئەلۆنسۆ پاش بینینی توانای مۆدریچ لە مۆندیالی یانەکاندا و کاریگەریی ئەو یاریزانە لە ژووری جلگۆڕین و لە یاریگەدا، بڕیاریداوە لە پێکهاتەکەی خۆیدا بیهێڵێتەوە، داوای مانەوەشی لە یانەکە کردووە، بەڵام پێی راگەیێنراوە بڕیاری رۆیشتنی مۆدریچ پێشتر دراوە و پاشگەزبوونەوە هەڵناگرێت.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، ئەلۆنسۆ پێیوابووە مۆدریچ لە یاریگەدا کاریگەریی گەورە دروستدەکات، ئەگەرچی بەردەوامیش یاریی نەکات، چونکە ریتم رێکخەری تیپەکە دەبێت و لە ژووری جلگۆڕینیشدا دەتوانێت یەکێک بێت لە کاریگەرترینەکان.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، رۆیشتنی لوکا و ڤاسکێز کە دوو یاریزانی قاڵی تیپەکە بوون، وایکردووە دانی کارڤاخال سەرکردەی راستەقینە بێت، بەڵام پێکانی درێژی ئەو یاریزانە، کاریگەرییەکەی لە تیپەکەدا زۆر کەمکردووەتەوە.
 
میدیاکان دەڵێن، لوکا مۆدریچ لە ویستی ئەلۆنسۆ ئاگاداربووە، تەنانەت ئامادەیی دەربڕیوە مووچەکەی کەمبکاتەوە لەپێناو ساڵێک مانەوە لە ریال، بەڵام کارگێڕیی یانەکە بەداواکارییەکە رازی نەبوون.
 
وەک ئەو سەرچاوانە دەڵێن، بەرپرسانی ریال مەدرید، پێشتر بڕیاریانداوە پێکهاتەی ناوەڕاستی تیپەکە بەتەواوی دابڕێژنەوە، پێیانوابووە مۆدریچ توانای بەردەوام یارییکردنی نەماوە، هەربۆیە دەستبەرداری ئەو یاریزانەبوون.
 
بەپێی داتاکان، مۆدریچ یەکێکە لە کاریگەرترین یاریزانانی ئێستای میلانی پێشەنگی سێری ئا، لەسەرجەم یارییەکانی یانەکە لە خولی ئیتاڵیا بەشدارییکردووە کە ژمارەیان 15 یارییە.
 
ئەو یاریزانە لە 13 یاریی یانەکەیدا بەدرێژایی 90 خولەک یارییکردووە و کاریگەریی گەورەی لەسەر ستایل و شێوازی یارییکردنی میلان لە وەرزی ئەمساڵی خولەکەدا دروستکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە