ڤیدیۆ؛ کوردێک وەرگێڕی ئاهەنگی لە دایکبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆیە

06-02-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و مەحموود حەنان
کریستیانۆ رۆناڵدۆ و مەحموود حەنان
نیشانەکردن مەحموود حەنان کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کوردێک وەرگێڕان، بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕی سعودی دەکات، کاتێک بەبۆنەی یادی لە دایکبوونی و گەیشتنی بە تەمەنی 40 ساڵی قسە بۆ یاریزانانی یانەی نەسڕ دەکات.
 
بەبۆنەی یادی 40 ساڵەی لە دایکبوونی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یانەی نەسڕی سعودی لە مەشقەکانی یانەکەیدا رێوڕەسمێکی تایبەتی بۆ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە رێکخست و کوردێک قسەکانی کریس بۆ یاریزانەکانی یانە سعودییەکە دەکاتەوە عەرەبی.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، لەنێو دڵخۆشییەکی زۆردا چووە نێو مەشقەکانی یانەکەی و یاریزانانی یانەی نەسڕ بەیەکەوە پیرۆزبایی ئەو یادەیان لە گۆڵکار و کاپتنی یانەکەیان کرد.
 
رۆناڵدۆ لە رێوڕەسمەکەدا قسەیکرد و گوتی " کوڕینە، بۆ من شانازییەکی گەورەیە و سوپاسی دیارییەکەتان دەکەم، 39 ساڵی تەمەنێکی خۆشبوو... هەموو ئەوەی بەئاواتی دەخوازم ئەوەیە کە دوای دوو رۆژی دیکە کاتێک یاریی دەکەین، بیبەینەوە، ئەوە دەبێتە دیارییەکی زۆر باش بۆ من، دەی بەرەو مەشق."
 
وەرگێڕی کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەو رێوڕەسمەدا مەحموود حەنان، کوردی رۆژئاوای کوردستان بوو، کە ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ یانەی نەسڕ وەکو وەرگێڕ کار دەکات.
 
حەنان لە 1973 لە دایکبووە، خەڵکی گوندی جبلیەی شارۆچکەی راجۆی سەر بە پارێزگای عەفرینی رۆژئاوای کوردستانە، زمانەکانی سێربی، کرواتی، ئینگلیزی، بۆسنی، ئیسپانی، رووسی، عەرەبی و کوردی دەزانێت.
 
مەحموود ئەزموونێکی زۆری لە وەرگێڕاندا هەیە، لە 1999 لەگەڵ یانەی نەسڕی سعودی دەستی بەو کارە کردووە، پاشان لەگەڵ هەریەکە لە یانەی ئیتیحاد و هەڵبژاردەی سعودیە کاریکردووە و گەڕاوەتەوە یانەی نەسڕ.
 
کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ چووە یانە سعودییەکە، وەرگێڕە کوردەکە هەموو قسەکانی ئەو یاریزانە پۆرتوگالییەی بۆ یاریزانانی یانەی نەسڕ، بەرپرسانی یانەکە و میدیای سعودی کردەوە عەرەبی.
 
پێشتر مەحموود حەنان قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و دەڵێت "شانازییەکی گەورەیە وەکو کوردێک لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ کاردەکەم و ئەو خاوەنی کەسایەتییەکی زۆر بەهێز و تایبەتە."
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، تەمەنی بووە 40 ساڵ و هێشتا لە یارییکردن بەردەوامە، ئەو پێشتر رایگەیاندبوو، ئەگەری هەیە چەند ساڵی دیکە لە یارییکردن بەردەوامبێت، تاوەکو ئەو کاتەی جەستەی یارمەتیی دەدات لە یاریگەکان دەمێنێتەوە، بەڵام وازهێنانی لە یارییکردن نزیکبووەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە