رووداو دیجیتاڵ
ماکس دوومان، یاریزانی لاوی ئارسیناڵ بۆی نییە بچێتە ژووری جلگۆڕینی یانەکەی، کە هۆکارێکی باوەڕپێنەکراو هەیە بۆ ئەم هەڵوێستەی یانەکەی لەندەن.
ماکس دوومان، ئەستێرەی گەنجی یانەی ئارسیناڵ، بوو بەبچووکترین گۆڵکار لە مێژووی خولی نایابی ئینگلیزیدا، دوای ئەوەی گۆڵی دووەمی تیپەکەی لە بردنەوەکەیان بەئەنجامی 2-0 بەرامبەر ئێڤەرتۆن تۆماریکرد.
دوومان لە تەمەنی 16 ساڵ و 73 رۆژدا، ژمارە پێوانەییەکەی جەیمس ڤۆنی یاریزانی پێشووی ئێڤەرتۆنی شکاند، کە پێشتر لەساڵی 2005و لە تەمەنی 16 ساڵ و 270 رۆژدا گۆڵی بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس تۆمارکردبوو.
ئەم ئەستێرە لاوە، کە ئینگلیزەکان بە 'مێسییەکەی ئارسیناڵ' ناوی دەبەن، دوای ئەوەی وەک یەدەگ لە گێمی دووەمدا چووە ناو یاریگا، ئاستێکی بێوێنەی پێشکەش کرد؛ گۆڵی یەکەمی ڤیکتۆر یوکێرێشی بە پاسێکی نایاب دروستکرد، پێش ئەوەی خۆی بە هەوڵێکی تاکەکەسی لە کاتی زیادکراودا گۆڵی دووەم تۆمار بکات و خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەکە بەدەستبهێنێت.
گەشەکردنی دوومان وەک یەکێک لە بەهرەمەندە هەرە دیارەکانی ئینگلتەرا لە ماوەی 9 مانگی رابردوودا بە هەموو پێوەرێک سەرنجڕاکێش بووە. ئەم یاریزانەی هێڵی ناوەڕاستی هێرشبەر، لە قۆناخی ئامادەکاری پێش وەرزدا سەرنجی میکێل ئارتێتای راهێنەری راکێشا و لە دووەم یاریی ئەم وەرزەدا بەرامبەر لیدز یونایتد یەکەم یاریی فەرمی خۆی ئەنجامدا.
سەرەڕای ئەوەی ئەم یاریزانە تەمەن 16 ساڵە بەشێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ تیپی یەکەمی ئارسیناڵ بەشدارە، بەڵام هێشتا رێگەی پێنادرێت پێش یارییەکان بچێتە ناو ژووری جلگۆڕینی یانەکە، و ئەو یەکەم یاریزانی لاو نییە کە ئەم جۆرە یاسایەی بەسەردا جێبەجێ بکرێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی تیلیگراف، رێگە بەم ئەستێرە لاوە نادرێت بچێتە ناو ژووری جلگۆڕین و جلەکانی بگۆڕێت تاوەکو تەمەنی نەبێت بە 18 ساڵ. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ یاساکانی پاراستنی مێردمنداڵان، کە لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلتەراوە دانراوە.
ماکس دوومان ناتوانێت لە ژووری جلگۆڕینی تیپی یەکەمدا جلەکانی بگۆڕێت تاوەکو رۆژی 31ـی کانوونی یەکەمی 2027، کە ئەوکاتە تەمەنی دەبێتە 18 ساڵ، واتا نزیکەی دوو ساڵی دیکەی ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ