رووداو دیجیتاڵ
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی یانەی زاخۆ دەڵێت "ڤیزای ئەمریکای بۆ هاتووەتەوە، بەڵام لیستی کۆتایی یاریزانەکان لای هەڵبژاردەی عێراقە و هیوادارم ناوم لە لیستەکەدا بێت."
شێرکۆ لە دوای بردنەوەیان لە یانەی قاسم، لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا قسەی بۆ رووداو سپۆرتس کرد لەبارەی ئەوەی بۆچی بە ئەنجامێکی گەورە نەیانبردەوە، گوتی "پێشبینی ئەوەمان دەکرد یارییەکە زەحمەت بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لە سعودیە گەڕاینەوە، هیچ یارییەکمان نەکرد، یارییەکەی بەرامبەر موسڵ دواخرا، دەکرا هەر هیچ نەبێت هەندێک یاریی دۆستانە بکەین، بۆیە پێشبینیکراو بوو یارییەکە زەحمەت بێت، بەڵام خۆشبەختانە یارییەکەمان بردەوە و سێ خاڵمان بەدەستهێنا، ئەوە بۆ ئێمە گرنگبوو و پشتیوان بەخوا لە یارییەکانی داهاتوو باشتر دەردەکەوین."
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی ڤیزای مەکسیکی بۆ گەڕاوەتەوە بۆ پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیال، شێرکۆ کەریم گوتی "بە دڵنیاییەوە زۆربەی یاریزانەکانی عێراق پێشکێشی ڤیزای ئەمریکایان کردووە، ئەوە شتێکی ئاساییە، ڤیزاکەم گەڕاوەتەوە، بەڵام لیستی کۆتایی لای هەڵبژاردەی عێراقە و پشتیوان بەخوا ناوم لە لیستەکەدا دەبێت."
لەبارەی ئەوەی گراهام ئارنۆڵد، چی بە یاریزانەکە گوتووە؟، یاریزانە کوردەکە گوتی "ئەم ماوەیە، دوای پێکانەکەم ئامۆژگارییکردم ئاگام لە خۆم بێت و وردە وردە بگەڕێمەوە نێو یاریگەکان، بۆیە ئەم 90 خولەکە بۆ من زۆر گرنگبوو کە توانیم بگەڕێمەوە سەر ئاست و توانای جەستەیی خۆم."
شێرکۆ کەریم لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی "خەونی هەموو یاریزانێکە بگاتە مۆندیال، هەموو شتێک دەکەین بۆ ئەوەی سەری کورد بەرزبکەینەوە، ئەگەر منیش نەبم، هەر یاریزانێکی دیکەی کورد بێت ئەوە شانازییە بۆ هەموومان، گەیشتن بە مۆندیال کارکردنی زۆر دەوێت و دەمانەوێت ئەوە بکەین."
ئەم قسانەی شێرکۆ کەریم لەکاتێکدایە رۆژی 31ـی ئەم مانگە، هەڵبژاردەی عێراق لە دوایین یاریی پاشکۆی پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا، بەرامبەر یەکێک لە هەڵبژاردەکانی بۆلیڤیا و سورینام یاریی دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە مۆندیال و چاوەڕواندەکرێت چەند رۆژی داهاتوو لیستی کۆتایی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە رابگەیێنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ