رووداو - دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەیەوێت لە هاویندا هەمووان شۆک بکات و چەندین ئەستێرەی پرێمەرلیگ و خولی فەرەنسی بگوازێتەوە ریزەکانی یانەکەی.
کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پیرێز، لە ئێستاوە دەستی بە داڕشتنی پلانەکانی کردووە بۆ مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوو. یانە مەدریدییەکە کە ئەم وەرزە بەهۆی دابەزینی ئاستی یاریزانان و ئەنجامەکانەوە لەژێر گوشارێکی زۆردایە، دەیەوێت بە گواستنەوەی چەند ئەستێرەیەکی گەورە هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی بەهێزتر بکات.
ماک ئالیستەر؛ ئامانجە دڵخوازەکەی ئەربێلوا
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماریۆ کۆرتیگانا، رۆژنامەنووسی ناودار لە زە ئاتلێتیک ، ریال مەدرید بەجددی بیر لە گواستنەوەی ئەلێکسیس ماک ئالیستەر، ئەستێرەی ئەرجەنتینی یانەی لیڤەرپوول دەکاتەوە.
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری یانەکە، دوو ساڵە سەرسامییەتی خۆی بۆ ئەم یاریزانە دەربڕیوە. هەرچەندە باوکی ماک ئالیستەر دەڵێت کوڕەکەی لە لیڤەرپوول دڵخۆشە، بەڵام جەختیشی کردەوە کە "بەستنەوەی ناوی کوڕەکەی بە گەورەترین یانەی جیهان هەمیشە هەستێکی خۆشە".
ئینزۆ و ڤیتینیا لەسەر مێزی گفتوگۆن
پلانەکانی پیرێز تەنیا لە لیڤەرپوول ناوەستن؛ ئینزۆ فێرناندێز، ئەستێرەی چێڵسی، یەکێکی دیکەیە لە کاندیدەکان. هەرچەندە یاریزانەکە ئارەزووی پۆشینی درێسی سپی دەکات، بەڵام چێڵسی بەهۆی گرێبەستە درێژخایەنەکەیەوە تاوەکو ساڵی 2032 بەئاسانی دەستبەرداری نابێت. هاوکات ڤیتینیای ئەستێرەی پاریس سانجێرمانیش وەک بژاردەیەکی بەهێز بۆ بەهێزکردنی ناوەڕاستی یانە شاهانەکە ناوی دەهێنرێت.
کیس سمیت؛ نزیکترین واژۆ
لەنێو هەموو ناوە گەورەکاندا، کیس سمیت، یاریزانی لاوی یانەی ئەلکماری هۆڵەندی، وەک نزیکترین یاریزان دەبینرێت کە لە هاوینی داهاتوودا پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە بکات، ئەمەش لە چوارچێوەی سیاسەتی یانەکە بۆ بەدەستهێنانی توانای بەهرەمەندە لاوەکان.
سیبایۆس و کارڤاخال بای بای
لەسەر ئاستی رۆیشتنی یاریزانان، دانی سیبایۆس بڕیاری کۆتایی خۆیداوە و دەیەوێت بگەڕێتەوە ریزەکانی ریال بێتیس، دوای ئەوەی هاوینی رابردوو گواستنەوەی بۆ مارسیلیا شکستیهێنا. لە لایەکی دیکەوە چارەنووسی دانی کارڤاخال، کاپتنی دووەمی یانەکە هێشتا بە ناڕوونی ماوەتەوە؛ گرێبەستەکەی لە حوزەیرانی 2026 کۆتایی دێت و کارگێڕیی یانەکە هێشتا بڕیاری نوێکردنەوەی نەداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ