رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی بالەی عێراق دوای رێککەوتن لەگەڵ یاریزانەکان، دۆسێیەی یانەی هەولێری یەکلاییکردوەوە و سزاکانی سەر ئەو یانەی هەڵوەشاندەوە.
یەکێتیی تۆپی بالەی عێراق دەرچوونی بڕیاری کۆتایی لەلایەن لیژنەی تێهەڵچوونەوە راگەیاند، سەبارەت بەو تێهەڵچوونەوەیەی کە یانەی وەرزشیی هەولێر پێشکەشی کردبوو دەربارەی بڕیارەکانی لیژنەی ناوبژیوانی و ململانێکان، کە تایبەت بوون بە شایستە داراییەکانی یاریزانانی لە وەرزی 2024-2025.
یەکێتییەکە روونیکردەوە کە بڕیارەکە دوای ئەوە هاتووە کە یاریزانەکان بەفەرمی وازهێنانیان لەو سکاڵایە هێنا کە تۆماریان کردبوو، دوای ئەوەی دڵنیایی درا لە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکەیان و گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، ئەمەش بووە هۆی نەمانی هۆکاری سکاڵاکە.
لەسەر ئەم بنەمایە، لیژنەی تێهەڵچوونەوە ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:-
1 - قبوڵکردنی تێهەڵچوونەوەکە لەڕووی شێوەوە.
2 - پەسەندکردنی وازهێنانی پێشکەشکراو لەلایەن یاریزانەکان و چەسپاندنی رێککەوتنی کۆتایی.
3 - هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایانەی کە بەسەر یانەی وەرزشیی هەولێردا سەپێندرابوون.
4 - داخستنی دۆسێیەی داواکە بەشێوەیەکی کۆتایی.
پێشتر یەکێتیی بالەی عێراق تیپی بالەی یانەی هەولێری لە قۆناخی چوارەمی خولی نایابای عێراق دوورخستنەوە، لەسەر سکاڵای سێ یاریزانی وەرزی رابردووی یانەکە، بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانیان.
یەکێتیی تۆپی بالەی عێراق دوپاتیدەکاتەوە کە هەمیشە سوور دەبێت لەسەر پاراستنی مافی یاریزانان و شایستە داراییەکانیان، و دڵنیایی دەدات لە جێبەجێکردنی یاسا و رێساکان بە دادپەروەری و شەفافیەت لە نێوان هەموو لایەنەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ