رووداو دیجیتال
یانەی ئەکاد وەک نوێنەری کوردستان و عێراق بەشداریی یارییەکانی خولی یانەکانی عەرەبی لە شاری شاریقەی ئیمارات کردووە، خانمانی عەنکاوە شەوی هەینی توانیان بەئەنجامی سێ گێم بەرامبەر بە گێمێک لە یانەی شەبیبە ئەلبوشریەی لوبنانی ببەنەوە.
هەشتەمجارە یارییەکانی خولی یانەکانی عەرەبی ساز دەکرێت، ئەکاد عەنکاوە سێیەمجارە بەشداریی دەکات، ئەمساڵ یارییەکانی بە بەشداریی شەش یانەیە کە بریتین لە ئەکاد عەنکاوە، وەسڵی ئیماراتی، تەلدەرەی سوری، شەبیبە ئەلبوشریەی لوبنانی، فەتاتی کوێتی لەگەڵ شاریقەی ئیماراتی.
خانمانی عەنکاوە لە یەکەم یارییاندا نەیانتوانی براوە بن و بە یانەی وەسڵی ئیماراتی دۆڕان، بەڵام دووەم یارییان بەسەرکەوتن و ئاهەنگێڕانی خۆیان تەواوکرد. سبەی یەکشەممە لە گەڕی سێیەمی خولەکەدا ئەکاد عەنکاوە یاریی لەگەڵ شاریقەی ئیماراتی دەکات.
یانەی ئەکاد عەنکاوە بەپێکهاتەیەکی بەهێز کە لە خانمە یاریزانانی دانیشتووی شارۆچکەی عەنکاوە لەگەڵ چەند یاریزانێکی کورد مانگێک بەر لە یارییەکانی خولی عەرەبی راهێنانیان کردووەن و بۆ بەهێزترکردنی تیپەکەش یانەکە گرێبەستی لەگەڵ ئانا میرکۆریڤای رووسی و مائیدە ئەسفەهانی ئێرانی واژۆکردووە.
مونیر ئیسحاق، سەرپەرشتیاری یانەی ئەکاد عەنکاوە لە لێدوانێکی بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "دەمانەوێت رکابەرییەکی بەهێز لە یارییەکانی خولی عەرەبی بکەین، بردنەوەمان لە یانەی شەبیبە ئەلبوشریەی لوبنانی هاندەرێکی باشە بۆ یاریزانانمان بۆ ئەوەی لە یارییەکانی داهاتووش ململانێیەکی بەهێز بکەین".
یانەی ئەکاد عەنکاوە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق خاوەن زۆرترین نازناوی پاڵەوانێتییەکانی بالەی کچانە، لەسەر ئاستی عێراق شەش نازناوی هەیە و نۆ جاریش نازناوی پاڵەوانێتیی کوردستانی بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ