پرێمەرلیگ یاریی بەهێز بەخۆیەوە دەبینێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گەڕێکی نوێی پرێمەرلیگ دەستپێدەکات و لە یەکەم یاریی گەڕەکە یارییەکی لووتکە و بەهێز دەکرێت، هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و تۆتێنهام رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
لە رکابەرییەکانی گەڕی 25ـی خولەکەدا، یانەی مانچێستەر یونایتد لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی تۆتێنهام دەکات، ئەم یارییە یاریی نێوان دوو راهێنەرە یەکێکیان بۆ دروستکردنی متمانەیەکی زیاتر کە مایکل کاریکە و ئەوەی دیکەشیان دەیەوێت مانەوەی خۆی لە پۆستەکەدا بپارێزێت کە تۆماس فرانکە.
 
مانچێستەر یونایتد دوای دەستنیشانکردنی کاریک وەکو راهێنەری یانەکە دۆخی تیپەکە گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینیووە، سێ یاریی رابردووی لەسەریەک بردووەتەوە، کە بەرامبەر مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ و برایتن بووە و ئێستا تیپەکەی لە پلەی چوارەمی ریزبەندە و بەدوای چوارەم بردنەوەی لەسەریەک دەگەڕێت.
 
یانەی تۆتینهام پێچەوانەی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ، لە پرێمەرلیگدا لە دۆخێکی باشدا نییە، لە گەڕی رابردوودا لەگەڵ مانچێستەر سیتی یەکسانبوو، لە شەش گەڕی رابردوودا لە خولەکەدا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، دۆڕان لە یارییەکەی ئەمڕۆدا ئەگەری دوورخستنەوەی راهێنەری یانەکە زیاتر دەکات.
 
یانەی ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی پرێمەرلیگ، لە یاریگەی خۆی بەرامبەر ساندەرلاند یاریی دەکات و دەیەوێت بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە بپارێزێت و لە رکابەرەکانی دووربکەوێتەوە.
 
ئارسیناڵ دوای ئەوەی گەیشتە یاریی کۆتایی کاراباو کەپ، دەیەوێت لە پرێمەرلیگدا درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، بۆ ئەوەش سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەردەگرێت کاتێک میوانداریی یانەی ساندەرلاند دەکات.
 
گانەرز، 6 خاڵ لە مانچێستەر سیتی دووەمەوە دوورە، دەیەوێت بەشێوەیەکی کاتی جیاوازییەکە بۆ 9 خاڵ بەرزبکاتەوە و هەنگاوێکی دیکە بەرەو گەیشتن بە نازناوەکە بنێت، جگە لە بردنەوەش هیچ ئەنجامێکی دیکە لە بەرژەوەندی یانەکەدا نییە، یانەی ساندەرلاند لە 10 یاریی رابردوودا 2 بردنەوەی هەبووە، بەڵام هەر لە پلەی هەشتەمی ریزبەندە و دەیەوێت زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببێتەوە.
 
لە دوایین 13 یاریی رابردووی نێوان هەردوو تیپدا، ئارسیناڵ هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، دوایینجار بەرامبەر ساندەرلاند دۆڕابێت لە ئێف ئەی کەپ بوو لە ساڵی 2012.



 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە