رووداو دیجیتال
دوای ئامادەکارییەکی باش و تایبەت، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ بارسێلۆنا دەستیپێکرد، کاندیدەکان کێن و کێ مافی دەنگدانیان هەیە؟.
پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا دەستیپێکرد، کە هاندەرانی یانەی کەتەلۆنیا چاوەڕوانییەکی زۆر لە ئەنجوومەنی داهاتووی یانەکەیان دەکەن، بۆ چاککردنەوەو باشترکردنی بارودۆخی ناو قەڵای بلاوگرانا.
جۆزێپ ماریا بارتۆمیوی سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا، لە کۆتایی مانگی تشرینی یەکەمدا لەگەڵ ستافەکەی دەستیلەکارکێشایەوە، ئەوەش دوای دەستپێکردنی هەڵمەتی کشانەوەی متمانە لێی بەهۆی دابەزینی ئاستی یانەکە بەشێوەیەکی بەرچاو لە ماوەی سەرکردایەتی ئەو و زیادبوونی قەیران و کێشەکانی یانەکە.
دوای رۆیشتنی بارتۆمیو بڕیاردرا بە پێکهێنانی دەستەیەکی بەڕێوەبردنی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی تیپی کەتەلۆنییەکە بە سەرۆکایەتی کارلێس توسکێتس، تا ئەوکاتەی ئەنجوومەنێکی نوێی بەڕێوبردن هەڵدەبژێردرێت.
دەستەی بەڕێوەبردنی نوێی بارسێلۆنا رووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری دەبێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی یانەکە بۆ ئەو شوێنەی هاندەران دەیانەوێت چ بە گرێبەستی دروست بۆ تیپی تۆپی پێ و رزگارکردنی یانەکە لە قەیرانی دارایی، کە بێگومان یەکەم دۆسیەی نیگەرانیش لای هەمووان هەوڵدان دەبێت بۆ هێشتنەوەی ئەفسانە و ئەستێرەی یانەکە، لیۆنێل مێسی و نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی.
کێ کاندیدی سەرۆکە و کێ مافی دەنگدانی هەیە؟
هەڵبژاردنەکانی بارسێلۆنا ئەمڕۆ 7ـی ئاداری 2021 دەستیانپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی لە 24ـی کانوونی دووەم دا خشتەی بۆ دانرا، بەڵام بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دواخران.
بڕیاربوو لە 15ـی کانوونی دووەمەوە تاوەکو 22ـی کانوونی دووەم بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، دوای ئەوە هەڵمەتەکە دەوەستێت تاوەکو کاتی هەڵبژاردن دەگات.
سەرۆکی هەڵبژێردراو 6 ساڵ لەسەرکاردەبێت، جگە لە حاڵەتی لەناکاو، وەک ئەوەی بەسەر بارتۆمیۆ هات، کە لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوودا دەستیلەکارکێشایەوە.
سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا کێیە؟
جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا بوو کە لە تشرینی یەکەمی 2020 دەستیلەکارکێشایەوە، کە کارەکانی بریتیبوو لە بەدواداچوونی بازاڕی گواستنەوە و نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانان و دانانی گرێبەست و سەرۆکی بەڕێوەبردنی بازرگانی یانەکە.
بارتۆمیۆ لە بنەڕەتدا خەڵکی کەتەلۆنیایە و لە ئەنجوومەنەکانی سەرۆکەکان ساندرۆ رۆسێل و خوان لاپۆرتا ئامادەبوو، لە ساڵی 2014 بەشێوەیەکی کاتی سەرۆکایەتی گرتە دەست دوای دەستلەکارکێشانەوەی رۆسێل، پێش ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2015ـدا سەرکەوتن بەدەستبێنێت و تاوەکو تشرینی یەکەمی 2020 وەک سەرۆکی بلاوگرانا مایەوە.

بەربژێرانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا کێن؟
تەنیا 3 بەربژێر رکابەری دەکەن لەسەر پۆستی سەرۆکی نوێی بارسێلۆنا، خوان لاپۆرتا، تۆنی فرێچا و ڤیکتۆر فۆنت .
لاپۆرتا لە ساڵی 2003 تاوەکو 2010 گەورەترین ژمارەی واژۆی ئەندامانی کۆکردەوە، لە دوای ئەودا فۆنت و فرێچا
ئیمیلی رۆسۆ لە هەڵبژاردنەکان کشایەوە پاش ئەوەی کەمترین ژمارەی واژۆی کۆکردەوە کە 2257 واژۆ بوو، بەهۆی ئەوەی بە شەڕی پیسی هەڵبژاردن وەسفی کرد.
ئەو سیانییە لە بەرنامە و پرۆگرامەکانی هەڵبژاردنیاندا جەختیان لەسەر گرنگی گەڕانەوەی بارسێلۆنا بۆ ئەو پێگەیە کردەوە کە شایستەیە، هەروەها نوێکردنەوە و هێشتنەوەی لیۆنێل مێسی لەنێو قەڵای کەتەلاندا.
کێ دەتوانێت دەنگ بە سەرۆکی بارسێلۆنا بدات؟
دەنگدانەکە سنووردارە بە پۆستی سەرۆکی بارسێلۆنا، تەنیا ئەندامانی یانەکە دەنگ دەدەن، ئەو کەسەی بەشداری دەنگدانەکە دەکات دەبێت تەمەنی لە 18 ساڵ زیاتربێت و دەبێت لانیکەم بۆ ساڵێک ئەندامی بارسێلۆنا بێت.
لە هەڵبژاردنە نوێکانی ئەمساڵدا، بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا رێگایەکی نوێی دەنگدان دانراوە لەجیاتی چوون بۆ بنکەکانی دەنگدان لە کامپ نو، کە بە پۆستەی دوور دەنگ دەدرێت، وەک ئەوەی لە هەڵبژاردنی کۆتایی سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا روویدا.
رۆژێکی گرنگ و مێژوویی
ئەمڕۆ رۆژێکی گرنگە بۆ یانەی بارسێلۆنا، چونکە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی یانە کەتەلۆنییەکە بەڕێوەدەچێت، کە بنکەکانی دەنگدان لە کاژێر 11ـی سەرلەبەیانی بە رووی دەنگدەراندا کراونەتەوە.
پڕۆسەی دەنگدان بۆ بەتەمەنەکان لە رێگەی نامەی ئەلەکترۆنییەوە ئەنجامدراوە کە تێیدا 20663 کەس دەنگیان داوە، دەنگەکان گەیشتوونەتە بارەگای هەڵبژاردنەکان کە بەڕێژەی 90٪ـی دەنگدەران بەشدارییان کردووە.
بارسا بە گشتی 110290 ئەندامی هەیە، 87479 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
10 بنکەی دەنگدان هەیە لە زۆربەی شارەکانی هەرێمی کەتەلۆنیا، هەر سێ سەرۆکەکە لەنێوان کاژێر 10 بۆ 11 بەشداری دەنگدان دەکەن. کاژێر 11:30 بەکاتی ئیسپانیا براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێ بارسێلۆنا ئاشکرا دەکرێت، پاشان سەرۆکی هەڵبژێردراو گوتارێک پێشکێش دەکات.
بەرزترین رێژەی بەشداریکردن لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا لە ساڵی 2010 بوو کاتێک 57088 کەس بەشدارییان کرد.
لیۆنێل مێسی لە تەمەنی یاریکردنی لە بارسێلۆنا، هاوشێوەی زۆربەی یاریزانەکانی پێشووی یانەکە بەشداریی لە هیچ کام لە پۆڕسەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا نەکردووە.
بارسێلۆنا تاوەکو ئێستا 40 سەرۆکی هەبووە کە خاوەنی چوار وڵاتینامەی جیاوازن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ