رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە یانە سعودییەکان گرنگیپێدانی خۆیان بۆ رافینیای ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی بارسێلۆنا نوێ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا بیگوازنەوە.
رافینیای تەمەن 29 ساڵ، یەکێکە لە یاریزانە هەرە دڵخوازەکان لای هاندەرانی بلاوگرانا، بەڵام کوالێتییە بەرزەکەی و دڵسۆزییەکەی بۆ تیپەکە، وای لێدەکەن ببێتە ئامانجێکی سەرنجڕاکێش بۆ ئەو یانانەی خاوەنی سەرچاوەی دارایی زەبەلاحن و دەیانەوێت ریزەکانیان بەهێز بکەن.
راستییەکە ئەوەیە کە چەندین یانەی سعودی لە نزیکەوە چاودێری دۆخی رافینیا دەکەن و ئامادەن دەستەوارەیەکی گەورەی پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی قایلی بکەن لەم هاوینەدا پەیوەندییان پێوە بکات، ئەمەش دوای مۆندیال کە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
رافینیا وەرزێکی باشی لەگەڵ بارسێلۆنا بەڕێکرد، سەرەڕای ئەوەی تووشی چەند پێکانێکی ماسوولکەیی بوو. بەهەرحاڵ، ئەو چەند ساڵێکە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات و رۆڵی سەرەکی لە تیپی هانزی فلیک دەبینێت.
ساڵی رابردوو، یەکێک لە یانەکانی خولی سعودیە هەوڵیدا یاریزانە بەرازیلییەکە قایڵ بکات بۆ ئەوەی پەیوەندییان پێوە بکات، و دەستەوارەیەکیان پێشکەش بە بارسێلۆنا کرد کە نزیکەی 90 ملیۆن یۆرۆ بوو، جگە لە بڕە پارەیەکی زەبەلاح بۆ خودی یاریزانەکە.
لە کۆتاییدا رافینیا لەگەڵ بلاوگرانا مایەوە، و کەمێک پێش ئەوەش، لە ئایاری 2025، گرێبەستەکەی تاوەکو هاوینی ساڵی 2028 درێژکردەوە.
رۆژنامەکە جەختی کردەوە کە چەند یانەیەکی سعودیە لە رۆژانی ڕابردوودا گرنگیپێدانی خۆیان بۆ هێرشبەرە بەرازیلییەکە نوێ کردووەتەوە و تاوەکو ئێستاش سێ لە گەورەترین یانەکانی خولی سعودیە، کە ناوی نەبردوون چاودێری داهاتووی رافینیا دەکەن و ئامادەن رکابەری بکەن بۆ گواستنەوەی، هەرچەندە هێشتا دەستەوارەیەکی فەرمییان پێشکەش نەکردووە.
ئەوە دەمێنێتەوە کە ببینین چ دەستەوارەیەکی دارایی پێشکەش بە یاریزانەکەی بارسێلۆنا دەکەن. لەوانەیە یانە گەورەکانی سعودیە ئەمساڵ یاریزانە سەرەکییەکانیان لەدەستبدەن، چونکە گرێبەستی چەندین ئەستێرەیان کۆتایی دێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پابەندن بە پەرەپێدانی خولەکە و هەوڵدان بۆ راکێشانی ئەستێرە ئاستبەرزەکان بۆ بەهێزکردنی ریزەکانیان.
تاوەکو ئێستا رافینیا پابەندبوونی تەواوی خۆی بۆ بارسێلۆنا نیشان داوە و یانەکەش نیازی فرۆشتنی نییە، بەڵکو هەوڵدەدات پێگەی باڵی چەپ بەهێز بکات یان بەهێشتنەوەی مارکوس راشفۆرد یان بە گرێبەستکردن لەگەڵ باڵێکی دیکەی هێرشبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ