رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر نایەوێت لە رکابەرەکانی دووربکەوێتەوە و چاوی لە بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکەیە.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 29ـی خولی پلە یەکی تورکیا، ئەمشەو کاژێر 20:00 یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی سەرکسپۆر یاریی دەکات و پێویستییەکی زۆری بە سێ خاڵی یارییەکە هەیە بۆ ئەوەی لە رکابەرەکانی دوورنەکەوێتەوە و لە رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە سوپەرلیگی وەرزی داهاتوو بەردەوامبێت.
ئامەدسپۆر لە گەڕی رابردوودا دوو خاڵی بەرامبەر یانەی کەجیئورەنگوجۆ یەکسانبوو و دوو خاڵی لەدەستدا و نایەوێت خاڵی دیکەی لەدەستبچێت.
بەر لەم یارییە ئامەدسپۆر لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیایە، یانەکە لە 28 یارییدا، خاوەنی 16 بردنەوە، 7 یەکسانبوون و 5 دۆڕانە و 55 خاڵی کۆکردووەتەوە، ئەرورووم سپۆر لە پلەی یەکەمی ریزبەندی خولەکەیە و بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆی لە مانیسا بە 8-1، جیاوازییەکەی لەگەڵ ئامەدسپۆر گەیاندە 8 خاڵ، جگە لەوەس ئێرۆکسپۆر بە جیاوازیی 4 خاڵ لە پێش ئامەدسپۆرە و لە پلەی دووەمی ریزبەندە، بۆیە تیپەکە زۆر پێویستی بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو هەیە.
سەرکسپۆر بەر لەم یارییە لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، لە 28 گەڕدا 10 یاریی بردووەتەوە و خاوەنی 35 خاڵە، یانەکە دوایین سێ یاریی دۆڕاندووە و چاوی لەوەیە بەرامبەر ئامەدسپۆر بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە شارەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ