تایبەت بە رووداو.. یانەی هەولێر بەبێ راهێنەر دەچێتە بەغدا

07-05-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی هەولێر سەرەڕای ئەوەی لە دۆخێکی خراپدایە و ئەنجامە خراپەکانی هاندەرانی نیگەرانکردووە، بۆ یاریی داهاتوویان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەبێ راهێنەر دەچێتە بەغدا و رووداو وردەکارییەکەی ئاشکرا دەکات.
 
هەولێر چەند رۆژێکی کەم لەمەوبەر لە یاریگەی خۆیدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بە یانەی مینا دۆڕا، ئەمە هاندەرانی یانەکەی زیاتر تووڕەکرد و داواکاریی گۆڕانکاریکردن لە یانەکەدا جارێکی دیکە سۆشیاڵ میدیای تەنی، لەکاتێکدا یانەکە لە هەشت یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی لە خولەکەدا نەبردووەتەوە.
 
شاندی یانەی هەولێر بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی کەرخ، بە پاس بەرەو بەغدا بەڕێکەوتوون، بەڵام عەبدولقادر حوسێن، راهێنەری یانەکە لەگەڵ تیپەکە گەشتی نەکردووە و بۆ یارییەکە لەسەر هێڵی یاریگە نابێت.
 
بەپێی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، سەرلەبەیانی ئەمرۆ عەبدولقادر حوسێن، راهێنەری یانەی هەولێر لە چایخانەیەکی نێو بازاڕی هەولێر بینراوە و لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری وەرزشڤانی پێشووی شارەکە چایان خواردووەتەوە.
 
رووداو زانیوویەتی، عەبدولقادر حوسێن، بەهۆی چەند کارێکی تایبەت و نائارامیی دۆخی دەروونیی بەهۆی ئەو گوشارە زۆرانەی لەبەر ئەنجامە خراپەکان لەسەر تیپەکە دروستبووە نەیتوانیووە لەگەڵ شاندی تیپەکە گەشتی بەغدا بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا راهێنەرەکە بەفەرمی دەستیلەکارنەکێشاوەتەوە و هیچ گفتوگۆیەکیش لەو بارەیەوە لەنێوان ئەو راهێنەرە و کارگێڕیی یانەی هەولێر نەکراوە.
 
سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "عەبدولقادر حوسێن، گوتوویەتی ناتوانم لەگەڵ ئەم تیپە بەردەوامبم و یاریزانەکان یاریی ناکەن، بۆیە ناگەڕێمەوە."
ئەو سەرچاوەیە بە رووداوی گوت "یانەی هەولێر لە شەوی رابردووەوە بەدوای جێگرەوەیەکدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی راهێنەرایەتیی یانەکە بکات، بژاردەی یەکەمیشیان گفتوگۆکردن دەبێت لەگەڵ قەحتان جسیر، کە ماوەیەک لەمەوبەر بڕیاربوو ببێتە راهێنەری یانەکە، بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی یانەکەوە سەرەڕای ئەوەی سەرپەرشتی چەند یەکەیەکی مەشقیی یانەکەی کرد، گەڕایەوە بەغدا و رێککەوتنی لەگەڵ هەولێر واژۆ نەکرد."
 
یانەی هەولێر رۆژی چوارشەممە لە رکابەرییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی کەرخ یاریی دەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 15:45 ئەنجامدەدرێت.
 
بۆ یارییەکەی بەرامبەر یانەی کەرخ، هەریەکە لە ئەحمەد قەدوور، یاریدەدەری راهێنەر، عیماد هاشم، راهێنەری گۆڵپارێزانی یانەی هەولێر و سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەری تیپەکە لەگەڵ شاندەکەن و دەیانەوێت سەرپەرشتی تیپەکە بکەن، بۆ ئەوەی تیپەکە ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت.
 
دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر یانەی مینا، دەنگۆی زۆر لەبارەی گۆڕانکاریکردن لە یانەی هەولێردا بڵاوبوونەوە و لە سۆشیاڵ میدیادا ناوی چەند کەسایەتییەک هێنرا کە گوایە دەبنە سەرۆکی دەستەی کاتیی بەڕێوەبردنی یانەی هەولێر، بەپێی زانیارییەکانی رووداو، ئەگەری گۆڕانکاریکردن لە یانەی هەولێردا هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنراوە، تاوەکو دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممەش، سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بەشێوەیەکی ئاسایی چوونەتە سەرکار و لە هیچ گۆڕانکارییەک ئاگادار نەکراونەتەوە.
 
هەولێر لە هەشت یاریی رابردوودا لە خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و 5 یاریی لەو 8 یارییەدا دۆڕاندووە، بەشێوەیەکی گشتی یانەکە لە 24 یارییدا تەنیا 5 سەرکەوتنی هەیە، 11 جار دۆڕاوە و لە 8 یارییدا یەکسانبووە، ئێستا هەولێر لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و بە کۆکردنەوەی 23 خاڵ لە پلەی شازدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە و 5 خاڵ لە ناوچەی دابەزینەوە دوورە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە