هەفتەیەکی خەماوی بۆ یانەکانی کوردستان لە خولی عێراق

12-11-2023
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن یانەی هەولێر یانەی دهۆک یانەی نەرۆز یانەی زاخۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای بەڕێوەچوونی یارییەکانی گەڕی چوارەم لە خولی ئەستێرەکانی عێراق کە تێیدا یانە بەشدارەکانی باشووری کوردستان لە خولەکەدا، ئەنجامی باشیان بەدەستنەهێنا، یارییەکانی خولەکە بۆ ماوەی نزیکەی 11 رۆژ رادەوەستێت.

راوەستانی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هاوشێوەی سەرجەم خولە نێوخۆییەکانی وڵاتانی دیکە، بەهۆی یاری هەڵبژاردەکان لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026، یۆرۆی 2024 و جامی ئاسیای 2027، دەبێت و ماوەی دوو هەفتە دەوەستێت. بڕیارە رکابەرییەکانی خولەکە رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە دووبارە دەستپێبکاتەوە.

ئەنجامی یانەکانی باشووری کوردستان لە دوا گەڕی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، بەدڵی هاندەرانی یانەکان نەبوو. هەولێر بەپاڵەوانی وەرزی رابردوو دۆڕا، نەورۆز هەلێکی ئاسانی بردنەوەی لەدەستدا و زاخۆش بۆ چوارەم یاریی لەسەریەک، تامی بردنەوەی نەکرد.

 

هەولێر دۆڕا

یانەی هەولێر لە بەغدا بووە میوانی شورتە. گێمی یەکەمی یارییەکە بە یەکسانبوونی هەردوولا بەبێ گۆڵ کۆتاییهات. لەگەڵ هاتنە ناوەوەی عەلا عەبدولزەهرە لەسەرەتای گێمی دووەمدا، ئەو یاریزانە ئاسیستی بۆ موهەند عەبدولرەحیم کرد و ئەو یاریزانە کە بە 'میمی' ناسراوە، هەلی کەمتەرخەمیی یاریزانانی هەولێری قۆستەوە و گۆڵی یەکەمی شورتەی تۆمارکرد.

دوای تەنیا پێنج خولەک لەو گۆڵە، یانەی شورتە لە رێگەی لێدانی سزاوە، کە مەحموود مەواس جێبەجێیکرد، یانەی شورتە گۆڵی دووەمی خۆی تۆمارکرد. پاش پێشکەوتنی یانەی خاوەن یاریگە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، عەباس عوبێدی راهێنەری هەولێر چەند گؤڕانکارییەکی ئەنجامدا و بەهۆیەوە زیدان عەبدولجەبار، کە یەکێکبوو لەو یاریزانانەی لە گێمی دووەمدا بەشدارییکرد، ئەنجامەکەی بۆ هەولێر کەمکردەوە، بەڵام ئەو گۆڵە هەولێری لە دۆڕان نەپاراست و یارییەکە بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە بەرژەوەندی شوورتە کۆتاییهات. پاش ئەم شکستە، یانەی هەولێر بەکۆکردنەوەی چوار خاڵ لە پلەی حەڤدەیەمی ریزبەندی خولەکە مایەوە.

نەورۆز هەلە ئاسانەکەی لەدەستدا

دوای تەنیا یەک سەرکەوتن و دوو شکست، یانەی نەورۆز هەلی گەڕانەوە بۆ سەرڕاستەڕێی سەرکەوتنەکانی لەبەردەستدابوو کاتێک لە یاریگەی خۆیدا لە سلێمانی، میوانداریی مینای ژێرکەوتووی ریزبەندی خولەکەی کرد، بەڵام هەلی سەرکەوتنی لەدەستدا و بەبێ گۆڵ لەگەڵ میوانەکەی یەکسانبوو.

مینا ئەمساڵ لە سێ یاریدا، هیچ بردنەوەیەکی بەدەستنەهێنابوو. تیپەکە کێشەی تۆمارکردنی یاریزانە نوێیەکانی هەیە و تاوەکو ساڵی داهاتوو ناتوانێ هیچ یاریزانێکی نوێ لە لیستەکەیدا تۆماربکات و ئێستا تەنیا بە یاریزانانی تیپی دووەم و لاوان یارییدەکات و ئەوەش تیپەکەی بێهێزکردووە، بەڵام نەورۆز نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە و بەبێ گۆڵ لەگەڵیدا یەکسانبوو.

دهۆک چوار یارییە گۆڵی لێنەکراوە

دهۆک لە نەجەف بووە میوانی یانەی نەفتی وەسەت و یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات. دوای گەڕانەوەی هیران ئەحمەدی ئەستێڕەی یانەی دهۆک کە بەهۆی کارتی سوورەوە لە یاریی زاخۆ بێبەش بوو، سلێمان رەمەزان سەرکەووتو نەبوو لە کردنەوەی گرێکوێرەی یانەی نەفتی وەسەت و یارییەکە بەبێ گۆڵ بۆ هەردوولا یەکسان بوو. دهۆک بۆ چوارەم یاریی لەسەریەک، لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا خۆی لەوە پاراست تیپەکانی دیکە گۆڵی لێبکەن، بەڵام هێرشبەرەکانی بۆ دووەم یاریی لەسەریەک، نەیانتوانی تۆڕی گۆڵی تیپی بەرامبەر بهەژێنن. یانەی نەفتی وەسەت درێژەی بەیەکسانبوونەکانیدا و لەچوارەم یاریی ئەم وەرزەدا، دوو یەکسانبوون و دوو دۆڕانی بەدەستهێناوە.

نەفتی وەسەت، وەرزی رابردوو بەیانەی دڵخوازی یەکسانبوونەکان ناسرابوو، پاشئەوەی لە کۆی 38 یاریی وەرزەکەدا، 21 یاریی یەکسانبوو.

زاخۆ هاندەرەکانی بێئومێدکرد

بەئامەدەبوونی زیاتر لە 25 هەزار هاندەر، یاریزانانی تەڵاڵ بلووشیی قەتەری میوانداریی یانەی تەڵەبەی بەغدایان کرد، بەڵام درێژەیان بەئەنجامە نەخوازراوەکانیاندا و جارێکی دیکە، نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن و ئەمجەد عەتوان و هاوڕێکانی، شکستیان هێنا لە بەدەستهێنانی ٣ خاڵی یارییەکە و ئەحمەد سەڵاحی ئەستێرەی پێشوی یانەی هەولێر و راهێنەری ئێستای یانەی تەڵەبە، توانی لە قورسترین یاریگای خولی عێراق خاڵێک بۆ یانە نوێیەکەی بەدەست بهێنێت.

خولی ئەستێرەکانی عێراق لە ماوەی نێوان 12/11 تاوەکو 23/11 رادەوەستێت و بەشێك لە یاریزانانی یانەکان، لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بەشداریی لە دوو یاری لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 و جامی ئاسیای 2027 بەرامبەر هەردوو هەڵبژاردەی ئیندۆنیزیا و ڤێنتام دەکەن، کە یاریی یەکەمیان لە بەسڕە و یاریی دووەمیان لە ڤێتنام ئەنجامدەدرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە