بە یاریی لووتکەی شورتە و جەوییە، خولی عێراق دەستپێدەکاتەوە

23-11-2023
ئەحمەد حاجی @AhmedHajy10
نیشانەکردن یانەی هەولێر خولی ئەستێرەکانی عێراق یانەی دهۆک یانەی زاخۆ یانەی نەورۆز
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
 
ئەمڕۆ رکابەرییەکانی گەڕی پێنجەمی خولی ئەستێرەکای عێراق دەستپێدەکات، یەکەم یاریی گەڕەکە لە نێوان دوو یانە بەهێزەکەی بەغدا 'شورتە و جەوییە' دەبێت، دوو یانەی باشووری کوردستانیش لە هەولێر رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
کاژێر 14:30 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریگای کوت هەردوو یانەی شورتە و جەوییە بەیەکدەگەن، بۆ یەکلاییکردنەوەی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە. یارییەکە بۆ هەردوو یانەکە قورس دەبێت، بەهۆی ئەوەی بەشێک لە یاریزانانی هەردوو یانە، دوێنێ چوارشەممە گەڕاونەتەوە شاری بەغدا، دوای بەشدارییکردنیان لە یاریی پاڵاوتنەکانی جامی جیهان 2026 لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق.
 
سبەی هەینی لە شاری بەغدا، یانەی نەورۆز دەبێتە میوانی یانەی ئەمانەی بەغدا. حەمە ئیتۆ و هاوڕێکانی دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەرڕاستەڕێی سەرکەوتن، پاشئەوەی لە سێ یاریی رابردوودا نەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
 
نەورۆز لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە چوار یاریدا، یەک بردنەوە و دوو دۆڕان و یەکسانبوونێکی هەیە. تاکە بردنەوەی یانەکە لە گەڕی یەکەمی خولەکەدا بوو کاتێک لە نێو بەغدا لە یانەی زەورای بردەوە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر.
 
لە هەمان رۆژدا، یانەی دهۆک لەسەر یاریگای خۆی، میوانداریی یانەی نەجەف دەکات، یانەی خاوەن ماڵ چاوی لەوەیە درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات لە خولەکە و بردنەوەی سێیەم تۆمار بکات. دهۆک ئەمساڵ بەسەرکردایەتی سلیمان رەمەزان، تاوەکو ئێستا لە خولەکەدا هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، دوو یاری یەکسان بووە و دوو یاریشی بردووەتەوە. لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکە دێت.
 
رۆژی شەممە دوایین یاریی ئەم گەڕەی خولەکە هەردوو یانەی هەولێر و زاخۆ لەسەر یاریگای فرانسۆ هەریری لە شاری هەولێر کۆدەکاتەوە.
 
هەردوو یانەکەی باشووری کوردستان، ئەنجامەکانیان مایەی دڵخۆشیی و رەزامەندیی هاندەرانیان نییە، ئەگەرچی لە رووی ئاستەوە توانای بردنەوەیان پێشانداوە.
 
هەولێر لە پلەی 17ی ریزبەندی خولەکە دێت و تەنیا یەک یاریی بردووەتەوە و دوو یاری دۆڕاوە و یارییەکیش یەکسان بووە. دوایین یاریی هەولێر بەرامبەر یانەی شورتە بوو لە شاری بەغدا و بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک، بە پاڵەوانی ساڵی رابردوو دۆڕا.
 
زاخۆ وێڕای ئەوەی ئەنجامەکانی باش نین، بەڵام هاندەرەکانی تاوەکو ئێستا ئارامیان گرتووە و چاوەڕێی ئەنجامی باش دەکەن لە تەڵال بلووشی راهێنەری تیپەکە.
 
زاخۆ لە کۆی چوار یاریی ئەمساڵی لە خولەکەدا، سێ یاریی یەکسانبووە و یارییەکیش دۆڕاوە، بەکۆکردنەوەی سێ خاڵ، لە پلەی 18ی ریزبەندییەکە دێت.
 
یارییەکەی هەولێر و زاخۆ لە کاژێر 19:00ی رۆژی شەممەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت. وا چاوەڕواندەکرێ ژمارەی زۆری هاندەرانی هەردوو یانە لە یارییەکەدا ئامادەبن بۆ پشتگیری یاریزانەکانیان.
 
بەرلەم گەڕەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، جەوییە بە 12 خاڵ پێشەنگی ریزبەندییەکەی گرتووە و شورتەش بەکۆکردنەوەی نۆ خاڵ، دووەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە