ڤیدیۆ؛ ڤاران کارەساتی بەسەر ریال مەدریددا هێنا و یوڤێنتوسیش بۆ ماڵەوە

08-08-2020
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو - هەولێر

هەردوو یانەی مانچێستەر سیتی و لیۆن، گەیشتنیان بە قۆناخی داهاتووی چامپیۆنزلیگ یەکلاکردەوە، دوای ئەوەی بەسەر یانەکانی ریال مەدرید و یوڤێنتوسدا سەرکەوتن.

مان سیتی لە یاریگەی ئیتیحاد شکستی بەسەر یانەی ریال مەدریددا بەهەمان ئەنجامی یاریی چوون دووبارەکردەوە و دوو بە یەک یارییەکەی لێبردەوە و بەکۆی هەردوو یارییەکە 4-2  براوەبوو.

زیدان یەکەمجارە لە قۆناخی کرانەدەرەوەدا ماڵئاوایی دەکات، کە لە پێنچ ساڵی رابردوودا سێ نازناوی خولەکەی بردبووەوە.

گۆڵەکانی سیتی بەهەڵەی کوشندەی رافایل ڤاران تۆمارکران، یەکەمیان رەحیم ستێرلینگ کردی و ئەوەی دووەمیش گابریێل خیسۆس هێنای، لە نێوان هەردوو گۆڵەکەی سیتیدا کەریم بنزیما بە لێدانی سەر گۆڵێکی بۆ ریال تۆمارکرد.

لە قۆناخی داهاتوو مان سیتی بەرامبەر بە یانەی لیۆن یاری دەکات، دوای ئەوەی لیۆن بە ئەنجامی یاریی هاتن و چوون لە یوڤێنتوسی بردەوە، هەرچەندە لەم یارییەدا 2-1 لە سوودی یوڤێنتوس کۆتاییهات.

بردنەوە بەم ئەنجامە سوودی نەبوو، چونکە دەبوو گۆڵێكی دیکەش تۆماربکەن، بەڵام کوڕانی ساری شکستیانهێنا و ماڵئاواییانکرد.

سەرەتا دێپای بە لێدانێکی سزا گۆڵی یەکەمی لیۆنی تۆمارکرد، بەڵام کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوو گۆڵەکەی یوڤێنتوسی کرد، یەکەمیان بە لێدانی سزا و دووەمیش بە لێدانێكی بەهێز بوو.

یاریی نێوان لیۆن و مان سیتی لە رۆژی شەممەی داهاتوو دەبێت لە یاریگەی خۆسێ ئالڤادێ لە لیشبۆنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە