تایبەت بە رووداو سپۆرتس.. چارەنووسی جامی سوپەری عێراق دیار نییە

07-08-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن جامی سوپەری عێراق
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لەکاتێکدا چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ وادەی دیاریکراوی بەڕێوەچوونی جامی سوپەری عێراق، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی پاڵەوانێتییەکە دیارنییە.
 
پێستر فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق رۆژی 19ـی ئەم مانگەی وەکو وادەی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەکە دیاریکردبوو، یانەکانی شورتەی پاڵەوانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، زەورا، جەوییە، تەڵەبە، دهۆک وەکو پاڵەوانی جامی عێراق و زاخۆ وەکو دووەمی ئەو پاڵەوانێتییە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن.
 
بەهۆی دواکەوتنی ئامادەکارییەکانی زۆرینەی یانەکانی عێراق بۆ وەرزی نوێ، تاوەکو ئێستا داهاتووی ئەو پاڵەوانێتییە دیارنییە.
 
ئەحمەد موسەوی، ئەندامی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بە رووداو سپۆرتسی گوت "تاوەکو ئێستا بڕیاری کۆتایی لەبارەی جامی سوپەرەوە نەدراوە، رۆژی یەکشەممە بڕیار دەدرێت."
 
لەبارەی ئەگەری کشانەوەی یانەی شورتە کە ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆی کشانەوەی یانەکە بڵاوبووەتەوە، موسەوی گوتی "لە ئەگەری کشانەوەی یانەیەک، ئەوا بەپێی ریزبەندی خولی عێراق یانەیەکی دیکە دەچێتە شوێنی ئەو یانەیە."
 
دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە یارییەکانی جامی سوپەری عێراق لە دهۆک بەڕێوەبچن، بەڵام ئەو ئەندامەی فیدراسیۆنی تۆپی پێ دەڵێت "هێشتا ئەوەش بەتەواوی یەکلانەبووەتەوە."
 
یەکلانەبوونەوەی چارەنووسی پاڵەوانی جامی سوپەری عێراق لەکاتێکدایە، تاوەکو ئێستا هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ بێ راهێنەرن و دەستیان بە ئامادەکارییەکانیان نەکردووە، یانەی جەوییە ئامادەکاریی نەکردووە و شورتە و زەوراش تەنیا یەک یەکەی مەشق و راهێنانیان ئەنجامداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە