بارتۆمیۆ: بارسێلۆنا پێش ریال مەدرید لەگەڵ ڤینیسیۆس رێکەوتبوو

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ڤینیسیۆس جونیۆر
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

جۆزێپ ماریا بارتۆمیۆ، سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا ئاشکرای کردووە یانەکەی بەر لە ریال مەدرید، رێکەوتنی لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر هەبووە، بەڵام پارە بووەتە هۆکاری سەرنەگرتنی گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا.
 
ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە کاتی یارییکردنی لە یانەی فلامینگۆی بەرازیلی، هەرزوو بووە جێگەی سەرنجی ژمارەیەکی بەرچاوی یانەکانی ئەورووپا، بەڵام لە کۆتاییدا ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ کرد.
 
بارتۆمیۆ لە لێدوانێکدا باسی لەوە کردووە، ئەوان لە کاتی یارییکردنی ڤینیسیۆس لە بەرازیل، لەگەڵ خێزانەکەی و بریکاری کارەکانی قسەیان کردووە و رێکەوتنی سەرەتاییان کردووە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵی.
 
سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا دەڵێت "ڤینیسیۆس جۆنیۆر جێگەی بایەخی ئێمە بوو، لەگەڵ خێزانەکەی و بریکارەکەی قسەمان کرد و بەڕاستی رێککەوتنێکی سەرەتاییمان لە نێواندا هەبوو، بەڵام رەنگە ریال مەدرید دەستەوارەیەکی باشتری پێشکێش کردبێت و ڤینیسیۆسیان بردبێت".
 
ڤینیسیۆس لە مانگی 5ـی ساڵی 2017 بەفەرمی گرێبەستی لەگەڵ ریال مەدرید واژۆ کرد، کاتێک تەمەنی تەنیا 16 ساڵ بوو، دواتر لە مانگی 7ـی ساڵی 2018 و دوای بوونی بە 18 ساڵ، بە فەرمی پەیوەندی بە یانە مەدریدییەکەوە کرد.
 
ئەو یاریزانە لەو کاتەوە بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئەستێرەکانی ریال مەدرید و لە ماوەی هەشت وەرزی رابردوودا لە 372 یارییدا 127 گۆڵی تۆمارکردووە و 100 ئەسیستیشی هەبووە. ڤینیسیۆس رۆڵێکی گەورەی لە بەدەستهێنانی نازناوەکانی لالیگا و چامپیۆنزلیگ لەلایەن ریال مەدریدەوە هەبوو، بەتایبەت تۆمارکردنی تاکە گۆڵی یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2022 بەرامبەر لیڤەرپوول.
 
بڕیارە سبەی لە دوایین کلاسیکۆی وەرزی ئەمساڵدا، هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ریال مەدرید، لە یاریگەی کامپ نو رووبەڕووی یەکدی ببنەوە. هانزی فلیک و یاریزانەکانی تەنیا یەک خاڵیان پێویستە بۆ ئەوەی بە فەرمی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا یەکلایی بکەنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە