هەموو شتێک سەبارەت پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی فلۆرینتینۆ پێرێس و لیوس رۆبیالیس بزانە
لە 6-1-2019 ریال مەدرید لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی ریال سۆسیدا بووەەوە، یارییەکە بە ئەنجامی 2-0 لە بەرژەوەندی ریال سۆسیداد کۆتاییهات، لەو یارییەدا لێدانێکی سزا بۆ ڤینیسۆس جۆنیۆرز دروست بوو، بەڵام ناوبژیوان لێدانە سزاکەی بۆ ریال مەدرید هەژمار نەکرد، دوای ئەم یارییە، لە میدیای ئیسیپانیا دەنگۆ بڵاوبووەوە کە دوابەدوای یارییەکە فلۆرینتیۆ پێرێز پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ لویس رۆبیالیس ئەنجامداوە، و رەخنەی لەو بڕیارەی ناوبژیوان گرتووە.
لە رێککەوتی 15-1-2019 رادیۆی کادیناسێر هەفپەیڤینێکی تایبەتی لەگەڵ لویس رۆبیالیسی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا ئەنجامدا کە بەشێکی زۆری هەفپەیڤینەکەی مانۆ کارینۆی میدیاکار لە رادیۆی کادیناسێر لەگەڵ رۆبیالیس تەرخان کرابوو بۆ قسەکردن لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان رۆبیالیس و فلۆرینتیۆ پێرێز کە ئەمەی خوارەوە پوختەی قسەکانی رۆبیالیسە سەبارەت بەو رووداوەی کە هەڵایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا.
مانۆ کارینۆ: بۆچی فلۆرێنتینۆ پێرێز تەلەفۆنی بۆ کردیت؟
رۆبیالیس: "چەند خولەکێکی کەم پێکەوە بە تەلەفۆن قسەمان کرد، تەنانەت گفتوگۆکەمان لە دوو خولەک زیاتری نەخایاند، بەوپەڕی رێزەوە قسەی لەگەڵ کردم. ئەم جۆرە پەیوەندییانە زۆر جار روودەدەدن، ئەگەر دەرفەتم هەبێت، بێگومان بە خۆشحاڵییەوە وەڵام دەدەمەوە، پێموایە ئەم جۆرە پەیوەندییانە لەگەڵ سەرۆکی یانەکان، یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی شتەکان زیاتر ئاڵۆز نەبن، هەر بۆیە هەرکات دەرفەتم هەبێ، یان ئەوان بیانەوێ دەتوانن پەیوەندیم پێوە بکەن".
مانۆ کارینۆ: کەی پێرێز پەیوەندی پێوە کردیت؟
رۆبیالیس: "بێگومان پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە دوای یارییەکەی ریال مەدرید و ریال سۆسیداد بوو، زۆر بە هێمنی و بە ریتمێکی لەسەرخۆ قسەی کرد، پەیوەندیم لەگەڵ فلۆرینتینۆ پێرێز زۆر باشە، ئەوەش ئامانجی گەورەی منە کە پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ سەرۆکی سەرجەم یانەکانی ئیسپانیا هەبێت، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە دانانی بەرژەوەندی یەکێتییەکەیە لە سەروو هەموو پەیوەندییەکی کەسییەوەیە، پێرێز باسی دیمەنێکی بۆ کردم کە لەو یارییەدا روویدابوو، من بە پێرێزم گوت، من ئەو دیمەنەم نەبینیوە کە گومان دەکرێت لێدانی سزا بۆ ریال مەدرید دروست بووبێت و ناوبژیوان هەژماری نەکردبێت، لە وەڵامدا گوتم، من قسە لەسەر بڕیاری ناوبژیوان ناکەم، بەڵام دەبێ سیستەمی بەڕێوەبردنی یاری لەلایەن ناوبژیوانەکانەوە بەهێزبن و لە ئاستێکی بەرزدابێت، بۆ ئەوەی نەبن بە خاڵی لاوازی خولی ئیسپانی، هەروەها دڵنیام کردەوە ئەمە نابێ لەسەردەمی سەرۆکایەتی مندا رووبداتەوە کە بەهۆی لاوازی و هەڵەی ناوبژیوانەوە ستەم لە هیچ تیپێک بکرێت. قسەکردنەکەمان تەنیا ئەوەندەبوو، هیچ شتێکی دیکە باس نەکرا."
کارینۆ: هەست ناکەی وەڵامدانەوەی تەلەفۆنی سەرۆکی یانەیەکی بەشدار لە خولی ئیسپانی و راستەوخۆ دوای یارییەکەیان کارێکی هەڵە بووبێت؟
رۆبیالیس: "من پێم وانییە هەڵە بێت و زۆر ئاساییە، چونکە هاوشێوەی تەلەفۆنەکەی پێرێز لە رابردوودا لە سەرۆکی 80 یانەی پلە جیاجیاکانی ئیسپانییەوە پەیوەندیم پێوە کراوە، خۆ تەنیا پێرێز قسەی لەگەڵ نەکردووم، ئەمە ئەرکی منە و بەشێکی دانەبڕاوە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی و کارەکەی من".
رۆبیالیس بەمە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "رێزی فلۆرینتینۆ پێرێز و ریال مەدرید دەگرم، وەک چۆن رێزی سەرجەم یانە و سەرۆک یانەکان دەگرم، بەبێ جیاوازی، تۆپی پێ خراپی و باشی ئێمە دەردەخات، لەوەش تێدەگەم ئەم سەردەمەی ئێمە تێدا دەژین زیاتر مەیلی بەلای رەخنەگرتن و سکاڵاکردندایە، بەس راستییەک هەیە نابێ بە نادیدە بگیرێت کە ئێستا ناوبژیوانی ئیسپانی لەسەر ئاستی جیهان لە پلەی یەکەمدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ