ئەگەری هەیە ئێمباپێ بەتووندترین شێوە سزا بدرێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ ڤالێنسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید سووکایەتی بە ناوبژیوانی یارییەکەی یانەکەی و ڤالێنسیا دەکات و دەڵێت "ئەمانە پێکەنیناوین". هەروەها بەوە تۆماتبارکراوە کە بە ناوبژیوانانی گووتبێت "مەیموون".
 
کامیراکانی تۆڕی مۆڤیستاری ئیسپانی، دیمەنێکی نەبینراوی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسیی یانەی ریال مەدریدیان لە کاتی یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا بڵاوکردەوە، کە تێیدا سووکایەتی بە ناوبژیوانی چوارەمی یارییەکە دەکات و بە "مەیموون و پێکەنیناوی" وەسفیان دەکات.
 
لە گەڕی ٢٣ـی لالیگادا، ریال مەدرید توانی بەئەنجامی 2-0 لە یانەی ڤالێنسیا بباتەوە و ئێمباپێش گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام رووداوێکی ناو تونێلی یاریگەی مێستایا بووەتە باسی میدیاکان و ئەگەر هەیە ئەو یاریزانە بەتووندی سزا بدرێت.
 
مشتومڕەکەی ئێمباپێ و ناوبژیوان
 
بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆییەکان، ئێمباپێ لەدوای کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم بەتوڕەییەوە چووەتە لای ناوبژیوانی چوارەم و لێی پرسیوە "چۆن دەکرێت ئەو حاڵەتە ئۆفساید بێت؟ تکایە روونکردنەوەم پێبدە".
 
ناوبژیوانی چوارەم لە وەڵامدا گوتوویەتی "بەهۆی کامێراکانەوە دۆخەکە کەمێک ئاڵۆزە، داوای لێبووردن دەکەم. با لە ژوورەوە قسە بکەین".
 
تووڕەبوون و جنێودان بە زمانی فەرەنسی
 
ئێمباپێ کە بە وەڵامەکەی ناوبژیوان قایل نەبووە، لە کاتی رۆیشتن بەرەو ژووری جلگۆڕین بە زمانی فەرەنسی جنێوی بە ناوبژیوانەکە داوە و گوتوویەتی "باشە با بچینە ژوورەوە، بەڵام بۆچی نایەیت قسە بکەیت کاتێک دەڵێیت با لە ناوەوە قسە بکەین؟".
 
کاتێک گەیشتوونەتە ناو تونێلەکە، ناوبژیوانەکە پێیگوتووە "ئێمە پێشتر قسەمان کرد". ئێمباپێش بە هاوارەوە وەڵامی داوەتەوە "تۆ دێیتە ئێرە بۆ قسەکردن، بەڵام تەنانەت سەیریشم ناکەیت! گوتت لە ژوورەوە قسە دەکەین، وا من لە ژوورەوەم، بۆچی قسە ناکەیت؟
ئەمانە پێکەنیناوین".
 
لە کۆتایی گفتوگۆیەکەدا، ئێمباپێ کە تەواو کۆنترۆڵی لەدەستداوە، رووی دەمی کردووەتە ئێدواردۆ کاماڤینگای هاوڕێی و پێیگوتووە"براکەم، ئەم ناوبژیوانانە کۆمەڵێک گاڵتەجاڕ و پێکەنیناوین".
 
ئەم رەفتارەی ئێمباپێ کاردانەوەی زۆری لە ئیسپانیا لێکەوتووەتەوە و چاوەڕێ دەکرێت لیژنەی سزادانی خولی ئیسپانی لێکۆڵینەوە لەو گرتە ڤیدیۆییانە بکات، کە لەوانەیە ببنە هۆی سزادانی ئەستێرە فەرەنسییەکە بەتووندی، بەتایبەتی ئەگەر بەڕەگەزپەرستی تۆمەتبار بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە