مێسی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە لاپۆرتا دەگەڕێتەوە

10-09-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

تۆڕی هەواڵیی کادینا سێر بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و رایگەیاند، ئەگەری هەیە لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنا بۆ تۆڵەسەندنەوە لە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا بگەڕێتەوە و کاربکات بۆ دوورخستنەوەی لە سەرۆکایەتی یانەکە. 
 
لیۆ مێسی لەساڵی 2023ـەوە بەیەکجاری لە یانەکەی دوورکەوتووەتەوە و هەموو رێگاکانی گەڕانەوەی بۆ یانە کەتەلۆنییەکە داخراون.
 
هەرچەندە مێسی تەمەن 38 ساڵ لەگەڵ ئینتەرمەیامی ئەمریکی و هەڵبژاردەی ئەرجەنتین جوانترین ئاوازەکانی تۆپی پێ دەژەنێت، بەڵام بیرۆکەی گەڕانەوەی بۆ بارسێلۆنا وەک خەونێکی دوورودرێژ دەمێنێتەوە.
 
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی ئێستای یانەی بارسێلۆنا، پێستر لەبارەی هەواڵی گەڕانەوەی مێسییەوە قسەی کرد و دووپاتیکردەوە کە ئەو بیرۆکەیە دوای رەتکردنەوەی لەلایەن ئەستێرە ئەرجەنتینییەکەوە نەماوە.
 
لاپۆرتا لە لێدوانێکدا کە رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، گوتی "هیوای سەرکەوتن بۆ مێسی دەخوازم. بارسێلۆنا ئاهەنگێکی گەورە بۆ مێسی سازدەکات بەبۆنەی تێپەڕبوونی 125 ساڵ بەسەر دامەزراندنی یانەکەدا، هەروەها دوای کردنەوەی یاریگەکەمان دوای نۆژەنکردنەوەی، رێزی لێ دەگرین".
 
گوتیشی "رێککەوتنێکمان لەگەڵ خولی ئیسپانیا هەیە بۆ تەرخانکردنی بەشێک لە سەرچاوەکانمان بۆ گەڕاندنەوەی مێسی، بەڵام خۆرخێی باوکی پێیگوتووم کە مێسی ساڵێکی پڕ لە گوشار و ماندووبوونی لە پاریس سانجێرمان بەسەربردووە و رەتیکردووەتەوە بگەڕێتەوە بارسێلۆنا و پێی باشتربووە بچێتە ئینتەرمەیامی ئەمریکی".
 
لەبەرامبەر هەڵوێستەکەی لاپۆرتا، مێسی لەوانەیە پلانێکی هەبێت تۆڵە لە سەرۆکی ئێستا بکاتەوە بەئەگەری بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بارسێلۆنا.
 
تۆڕی کادینا سێر دووپاتیکردەوە کە مێسی لەوانەیە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی یەکێک لە کاندیدەکاندا بەشداری بکات کە پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە پەیوەندی پێوە دەکات.
 
نهێنی دەستتێوەردانە لەناکاوەکەی مێسی لە هەڵبژاردنەکاندا؟
 
راپۆرتەکەی رادیۆی کادینا سێر بۆمبێکی گەورەی تەقاندەوە و دەنگۆی خستە نێو یانەی بارسێلۆنا و نهێنی ئەگەری دەستتێوەردانی لیۆنێل مێسی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2026 ئاشکراکرد، نەک وەک بەربژێرێک، بەڵکو وەک 'پیاوی یەکلاکەرەوەی سەرۆک' کە لەوانەیە پشتگیری بەربژێرێک لەدژی خوان لاپۆرتای سەرۆکی ئێستا بکات.
 
ئەگەر ئەم دەستتێوەردانە ئەنجام بدرێت، دەرگا دەکاتەوە بەڕووی پرسیارێکدا کە چەندین ساڵە هەمووان بەدوای وەڵامەکەیدا دەگەڕێن: ئایا ئەمە هەنگاوێکە لە مێسییەوە بۆ بەرژەوەندی یانەکە، یان تەنیا تۆڵەسەندنەوەیەکی کەسییە لە پیاوێک کە زۆر کەس بە بەرپرسی رۆیشتنەکەی دەزانن؟
 
هاوینی 2021.. برینێکی ساڕێژنەبوو
 
بۆ تێگەیشتن لە هۆکاری تۆڵەسەندنەوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ هاوینی 2021، دیمەنی کۆنفرانسی رۆژنامەڤانییەکەی مێسی کاتێک دەگریا، هێشتا لەبیری هەموو هاندەرێکی کەتەلۆنیدا ماوە. ئەو ماڵئاواییە بێدەنگ و پڕ ئازارە دوای چەندین مانگ لەو بەڵێنانە هات کە لاپۆرتا لە کەمپەینی هەڵبژاردنەکەیدا دابووی، کە مانەوەی لیۆ لە پێشینەی کارەکانی دەبێت.
 
بۆ مێسی و دەوروبەرەکەی، رۆیشتنەکە تەنیا ئەنجامی قەیرانێکی دارایی نەبوو، بەڵکو هەستێکی "خیانەتکردن" بوو. خەنجەرێک بوو لە پشتی درا کە نەیویست ژیانی پیشەیی خۆی لە ماڵەکەی خۆیدا کۆتایی پێ بهێنێت و ناچاری کرد ماڵئاوایی لە یانەکە بکات لە دەرگای پشتەوە، بەبێ وەرگرتنی رێزلێنانی پێویست لەلایەن کارگێڕییەوە یان ماڵئاواییەکی شایستە لەلایەن هاندەرانەوە. لەم روانگەیەوە وەک شتێکی سروشتی دەردەکەوێت کە مێسی هەڵبژاردنەکانی 2026 وەک دەرفەتێک بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکە ببینێت.
 
لاپۆرتای 'کارەساتبار' یان 'رزگارکەر'؟
 
بەڵام لەلایەکی دیکەوە ئایا هاندەرەکانی مێسی بە پێویست کەسین؟ ئایا ناتوانرێت خواستی راستەقینە بێت بۆ چاکسازی؟ لێرەدا پرسیاری دووەم و ئاڵۆزترین پرسیار دێتە ئاراوە: ئایا بەڕێوەبردنی لاپۆرتا تاوەکو ئەم ئاستە کارەساتبارە؟ سەرەڕای هەموو خاڵە نەرێنییەکانی، زۆر کەس پێیانوایە هیچ کاندیدێکی دیکە نەبوو بتوانێت یانەکە لە مایەپووچبوونی دارایی کە جوسێپ ماریا بارتۆمیۆ بەجێیهێشتبوو، رزگار بکات.
 
لاپۆرتا، بەبڕیارە بوێرانە و هەندێکجار ئازاربەخشەکانی سەرکەوتوو بوو لە بنیاتنانەوەی تیپەکە و بەدەستهێنانی نازناوی لالیگا، و تێپەڕاندنی قەیرانێک کە نزیکبوو یانەکە بەتەواوی وێران بکات. ئایا مێسی ئەم وێنە تەواوە دەبینێت؟
 
لەنێوان ئازاری رابردوو و داهاتووی یانەکەدا
 
لێرەدا ئەو گرفتە راستەقینەیە دێتە ئاراوە کە مێسی لەوانەیە رووبەڕووی ببێتەوە، ئایا هێشتا دیلی ساتەوەختی گریان و رۆیشتنەکەیەتی، و سەردەمی لاپۆرتا تەنیا لە روانگەی ئازاری کەسییەوە دەبینێت؟ یان ئەوەتا، بەهۆی خۆشەویستی قوڵی بۆ یانەکە و پێگەی مێژوویی، وردەکارییە کارگێڕی و داراییەکان دەبینێت کە وایلێدەکات بەدڵسۆزییەوە پێیوابێت کە بوونی سەرۆکێکی دیکە باشترینە بۆ داهاتووی بارسێلۆنا؟
 
مێسی بە یەک وشە دەتوانێت هاوسەنگی هەڵبژاردنەکان سەرەوخوار بکات، بەڵام وشەیەکە کێشی هاوسەنگییەکی ورد لەنێوان برینەکانی رابردوو و بەرژەوەندی یانەکەدا هەڵدەگرێت.
 
لەکۆتاییدا هەڵبژاردنەکانی 2026 تەنیا پێشبڕکێیەکی کارگێڕی و دارایی نەماوە، بەڵکو بە دەستتێوەردانە ئەگەرییەکەی مێسی، بووەتە راپرسییەک لەسەر رابردوو، شەڕی گێڕانەوەکان و تاقیکردنەوەی دڵسۆزی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە