چیرۆکی رۆناڵدۆ و داربەڕوو

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

تەلارسازێک نهێنی شکستهێنانی دروستکردنی کۆشکە زەبەلاحەکەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاشکرا دەکات و دەڵێت 16 داربەڕوو بوونە هۆکاری بێبەشکردنی ئەستێرەی پۆرتوگالی لەو کۆشکە گەورەیە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی و کاپتنی ئێستای یانەی نەسڕی سعودی، کاتێک لە ریزەکانی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی یاری دەکرد، پلانی بۆ دروستکردنی کۆشکێکی شاهانەی گەورە هەبوو. پڕۆژەکە لەو کاتەدا زۆر جددی بوو، تەنانەت دۆن قسەی لەگەڵ تەلارسازێکی ناوداری پۆرتوگالی کردبوو بۆ دیزاینکردنی کۆشکەکە، بەڵام پلانەکە لەناکاو وەستا دوای دەرکەوتنی کێشەیەکی چاوەڕواننەکراو لەو زەوییەی بڕیاربوو کۆشکەکەی لەسەر بنیاد بنرێت.
 
ئێدواردۆ سۆتۆ مورا، تەلارسازی پۆرتوگالی، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەی پوبلیکۆی پۆرتوگالی باسی لەم رووداوە کرد و روونیکردەوە چۆن چاوی بە رۆناڵدۆ کەوتووە، کۆبوونەوەکانیان لە مانچێستەر چۆن بووە، و هۆکاری سەرەکی شکستهێنانی پڕۆژەکە چی بووە.
 
بەگوێرەی گوتەی مورا، گفتوگۆکە بە هەڵوێستێکی تووندی رۆناڵدۆ کۆتاییهاتووە کە گوتبووی "دەچم بۆ ریال مەدرید و لێرە خانوو دروست ناکەم".
 
ئێدواردۆ سۆتۆ ئاماژەی بەوەکرد کە پەیوەندییەکەی لەگەڵ رۆناڵدۆ لەڕێگەی ئەنتۆنیۆ سەلڤادۆرەوە بووە (کە بەڵێندەر بووە و دواتر بووە بە سەرۆکی یانەی سپۆرتینگ براگا). سەلڤادۆر کارەکانی مورای باش ناسیوە، چونکە مورا دیزاینی یاریگای بەناوبانگی براگای کردبوو.
 
مورا دەڵێت "هاوڕێیەک پێشنیازی منی بۆ کردبوو، بە رۆناڵدۆی گوتبوو کە من یاریگای براگام دیزاین کردووە، لێی پرسیم ئایا دەمەوێت خانووی رۆناڵدۆ دروست بکەم، منیش گوتم بەڵێ".
 
دوای ئەو قسەیە، مورا گەشتی مانچێستەری کرد بۆ دیداری رۆناڵدۆ. لەو کۆبوونەوەیەدا مورا تێبینی کردووە کە رۆناڵدۆ چەندە جددییە لە بەرنامە وەرزشییەکانی. مورا دەڵێت "کۆبوونەوەم لەگەڵ کرد، چووم بۆ مانچێستەر و لێم پرسی دەتەوێت خانووەکەت چۆن بێت، بەڵام ئەو کەسێکی بێوێنەیە، ئەوەی سەرسامی کردم ئەوەبوو کە هەر ١٥ خولەک جارێک قسەکانی دەبڕی، چونکە دەچوو بۆ راهێنان. من لە رۆناڵدۆ تێدەگەم، ئەوە ئەنجامی هەوڵێکی زۆر و ماندووبوونە".
 
ئەو زیاتر دەڵێت "بەڵام کێشەکە کاتێک دەستیپێکرد کە مورا سەیری ئەو زەوییەی کرد کە رۆناڵدۆ کڕیبووی. بۆی دەرکەوت کە دروستکردنی خانوویەک بەو قەبارەیە، پێویستی بە بڕینەوەی 16 درەختی 'بەڕووی مۆری' Cork Oak هەیە کە درەختێکی پارێزراون و بڕینەوەیان قەدەخەیە. مورا رەتیکردەوە ئەمە رووبدات".
 
مورا گوتی "خانووەکە جێبەجێ نەکرا، چونکە زەوییەکە گەورە بوو، بەڵام دیزاینی خانووەکە ئەوەندە گەورە بوو کە دەبوو 16 درەختی بەڕوو ببڕدرێنەوە. پێمگوت: من ئەم درەختانە نابڕمەوە، دەبێت زەوییەکە بگۆڕین. ئەویش لە بەڕێوەبەری کارەکانی تووڕە بوو و بە منی گوت: دەچم بۆ ریال مەدرید و خانوو دروست ناکەم".
 
هەروەها مورا یادگارییەکی دیکەی گێڕایەوە؛ رۆناڵدۆ داوای کردبوو تایبەتمەندییەکی سەیر بۆ ژووری خەوەکەی زیاد بکات، ئەویش دانانی حەوزێکی جاکووزی بوو رێک لە تەنیشت جێگای خەوەکەی، بەڵام مورا بە نەرمییەوە رەتیکردەوە.
 
مورا جەختی کردەوە "دەیویست جاکووزی لەژێر پێی جێگای خەوەکەی بێت، پێمگوت: نا، دەخنکێیت؛ نیوەخەو لە خەو هەڵدەستیت و دەکەویتە ناو جاکووزییەکەوە. هەندێک شت هەبوو نەمدەکرد. ئەویش لە مەبەستەکەم تێگەیشت و پێکەنی".
 
هەرچەندە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ نەکرا، بەڵام رۆناڵدۆ لە خولی یەکەمی یاریکردنیدا بۆ مانچێستەر یونایتد خاوەنی خانوویەکی دیکە بوو، کە بەگوێرەی رۆژنامەی مانچێستەر ئیڤنینگ نیوز، لە ساڵی 2019 بەبڕی 3.25 ملیۆن پاوەند فرۆشتی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە