گواردیۆلا ئەمشەو چەکە کاریگەرەکەی دژی ریال مەدرید بەکاردەهێنێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا سێمێنیۆ
A+ A-
رووداو - دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانجێستەر سیتی بەنیازە ئەمشەو چەکە کاریگەرەکەی لەنێو  بێرنابیۆدا بەکاربهێنێت و سێمێنیۆ دەبێتە سوپرایزی بەرامبەر ریال مەدرید،
 
یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی، لە مێرکاتۆی زستانەدا یاریزانێکی نوێی بۆ ریزەکانی زیادکردووە و پێپ گواردیۆلاش دەیەوێت لە یارییە چارەنووسسازەکەی چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر ریال مەدرید، وەک 'کارتی بردنەوە' بەکاریبهێنێت.
 
ئەنتوان سێمێنیۆ، کە لە یانەی بۆرنمۆسەوە پەیوەندی بە سیتیزنسەوە کردووە، بووەتە جێگەی بایەخی زۆری گواردیۆلا. راهێنەرە ئیسپانییەکە سەرسامیی خۆی بەخێرایی و توانای گونجانی ئەو یاریزانە تەمەن 26 ساڵە نیشانداوە و دەڵێت "سێمێنیۆ تەنیا بۆ گۆڵ تۆمارکردن نییە، ئەو خێراییەکی ناوازەی هەیە و دەتوانێت لە هەموو شوێنەکانی هێرشبەری و تەنانەت لە سێ ناوچەکەی هێڵی ناوەڕاستیشدا یاری بکات".
 
تاقیکردنەوەی راستەقینە لە چامپیۆنزلیگ
 
گواردیۆلا پێیوایە تاقیکردنەوەی راستەقینەی سێمێنیۆ لە قۆناخە یەکلاکەرەوەکانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەبێت، لەو بارەیەوە دەڵێت "کاتێک بۆ یەکەمجار لە چامپیۆنزلیگدا یاری دەکات، دەزانین چەندە دەتوانێت بەرگەی گوشارەکان بگرێت، بەڵام من متمانەی تەواوم بە عەقڵییەتی ئەو هەیە".
 
سێمێنیۆ؛ مەترسییەک بۆ سەر بەرگرییەکانی مێرێنگی
 
سەرەڕای بوونی ئەستێرەی وەک ئێرلینگ هالاند، سێمێنیۆ بەهۆی هەمەجۆریی شێوازی یارییکردنی وەک چەکێکی کوشندە لە پلانی پێپدا دەبینرێت بۆ هەژاندنی هێڵی بەرگری ریال مەدرید. ئەو باڵە خێرایە دەتوانێت هاوسەنگیی یارییەکە بەلای یانە ئینگلیزییەکەدا بشکێنێتەوە.
 
دووبارەبوونەوەی کلاسیکۆی ئەورووپا
 
ریال مەدرید و مانچێستەر سیتی لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا جارێکی دیکە رووبەڕووی یەک دەبنەوە. لەم نێوەندەدا، ئەرکی ئەلڤارۆ ئاربێلوای راهێنەری ریال مەدرید قورس دەبێت بۆ راگرتنی مەترسییەکانی سێمینیۆ.
 
هەرچەندە مێژوو لە بەرژەوەندی یانە مەدریدییەکەدایە لە چوار رووبەڕووبوونەوەی رابردوودا، بەڵام ئاستی ئێستای سیتی و زیادبوونی سێمێنیۆ بۆ پێکهاتەکەی گواردیۆلا، وایکردووە ئەم یارییە وەک یارییەکی کراوە و پڕ لە سوپرایز تەماشا بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە