رووداو دیجیتاڵ
لامین یامال، ئەستێرەی یانەی بارسیلۆنا، پەیامێکی ورووژێنەر ئاراستەی هاندەرانی یانەکەی دەکات، پێش یارییەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی لالیگا بەرامبەر ریال مەدرید لە ئیلکلاسیکۆدا.
هاندەرانی بارسێلۆنا چاوەڕوان دەکەن یامال لە یارییەکەی ئەمڕۆدا بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو دەربکەوێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی بەرامبەر ئینتەرمیلان یارییەکی گەورەی ئەنجامدا، ئەگەرچی نەیتوانی تیپەکە بباتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
بارسێلۆنا ئامادەکاری دەکات بۆ میوانداریکردنی ریال مەدرید لە یاریی لووتکەی گەڕی 35ـی خولی ئیسپانیا، لە یاریگای مۆنتجویک.
هەردوو یانە بەدروشمی "تەنیا بردنەوە" دەچنە ناو یارییەکەوە. بارسێلۆنا دوای ئەوەی لە قۆناخی پێش کۆتاییدا لە چامپیۆنزلیگ دوورخرایەوە، هەوڵدەدات بەبردنەوەی کلاسیکۆ و نزیکبوونەوە لە بردنەوەی لالیگا هاندەرانی دڵخۆش بکات، لەکاتێکدا ریال مەدرید ئامانجی ئەوەیە پارێزگاری لە چانسی خۆی بۆ بردنەوەی نازناوی خولەکە بکات و بەو نازناوە ئەم وەرزەی رزگار بکات.
یامال لە ستۆری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام پەیامێکی بۆ هاندەرانی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "گەورەترین شکۆمەندیمان لەوەدا نییە کە هەرگیز نەکەوین، بەڵکو لە هەستانەوەدایە هەرجارێک کە دەکەوین".

ئەستێرە گەنجەکەی بارسێلۆنا بەم پەیامە دەیەوێت ئاماژە بە توانای تیپەکەی بکات بۆ زاڵبوون بەسەر ریال مەدرید لە ئیلکلاسیکۆدا و نزیکبوونەوە لە بردنەوەی نازناوی لالیگا.
یامالی تەمەن 17 ساڵان پێشتر لە 6 یاریی بەرامبەر ریال مەدرید لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا یارییکردووە، دوو گۆڵی تۆمارکردووە و دوو ئەسیستیشی هەیە.
ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 75 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیی لالیگادایە و بە چوار خاڵ لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگەوەیە، چوار یاریش ماوە.
یامال وەرزێکی خەیاڵی بەسەردەبات، کە لە 51 یارییدا 15 گۆڵی تۆمارکردووە و 24 ئەسیستیشی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا هەە، جامی سوپەری ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیای لەگەڵ بارسێلۆنا بردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ