رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید دەڵێت " بەردەوام دەمانەوێت هەموو شتێک ببەینەوە و کاردەکەین بۆ ئەوەی هاندەرانمان رازی بکەین."
سەرۆکی یانەی شاهانە دوای بردنەوەی جامی سوپەری ئەوروپا لەلایەن یانەکەیەوە، هەڤپەیڤینێکی نوێی ئەنجامداوە و دەڵێت " هەموو مەدریدیسمۆیەک زۆر دڵخۆشە بەبردنەوەی جامی سوپەری ئەوروپا و ئەمە ورەیەکی زیاترمان پێدەدات، دەبێت سەرەتا هەلی گەیشتن بە یاریی کۆتایی بەدەستبهێنێت و دواتریش ببەیتەوە، یاریی کۆتایی ئەفسوناوی بوو، هەردوو تیپەکە دەیانویست سوود لە هەڵەی ئەوەی دیکە وەربگرێت بۆ ئەوەی بیباتەوە، بەڵام ئێمە هیچ هەلێکمان پێنەدان."
پێرێز زیاتر دەڵێت " ئێمە تیپێکی زۆر نایابمان هەیە بەهۆی ئەو کارە باشەی دەیکەین، هەمیشە دەمانەوێت هەموو شتێک ببەینەوە بۆ ئەوەی بەردەوامبین لە رازیکردنی هاندەرانمان، پێویستە لەسەرمان لەسەر کارکردن بەردەوامبین، چونکە ئەوە کلیلی بردنەوەیە، یەکشەممەی داهاتوو وەرزی نوێ بە ورەیەکی بەرزەوە دەستپێدەکەین، داوا لە یاریزانەکان دەکەم بەمشێوەیە بەردەوامبن و لە رێگەی دیارییکراو لاندەن."
لەبارەی سەرکەوتنەکانیان لە وەرزی رابردوودا، سەرۆکی ریال مەدرید گوتی " وەرزی رابردوو هەموو شتێک بەباشی رۆیشت، بەڵام پێویستە بەردەوامبین لە کارکردن، چونکە کاری رۆژانە کلیلی سەرکەوتنەکانی داهاتووە، راهێنەر و یاریزانەکانیش ئەمە باش دەزانن، پێویستە مەشقکردن بەباشی بەردەوامبێت، ئێمە بیر لە گرێبەستی دیکە ناکاینەوە، ئەنچێلۆتی بەباشی تیپەکە بەڕێوەدەبات و ئەمەش بەشێکی سەرکەوتنەکانی وەرزە."
پرسیاری کەریم بنزیما لە فلۆرێنتینۆ پێرێز کرا، لە وەڵامدا گوتی " تووشبوونی بنزیما بە پەسیوو نیگەرانمان ناکات، چونکە زۆر هێرشبەرمان هەیە، ئەو ساڵی رابردوو شایستەی بردنەوەی باڵۆن دۆر بوو و بۆ ئەم ساڵیش هیچ گومانی لەسەر نییە."
لەسەر ئامادەبوونی هاندەرانی ریال مەدرید لە هێلسینکی پێرێز گوتی " زۆر هاندەر لە شوێنی دیکەوە هاتبوون، لێرەش ژمارەیەکی زۆر هاندەرمان هەیە، ریال مەدرید لە هەموو جیهان هاندەری هەیە و لە یارییەکەدا زۆرمان بینین."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دوای گەیشتنی بە 30 نازناو وەک سەرۆکی ریال مەدرید و نزیکبوونەوە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ کە 31 نازناوی بردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ گوتی " چیرۆکی بێرنابیۆ جیاوازە و دامەزراوەی ریال مەدرید ئەمە دەزانێت، میراتەکەی بەبردنەوەی نازناو ناپێورێت، دەمەوێت بەو شێوەیە بژیم کە ئەو پێشکێشیکردووە، ئەمە بەسە بۆ من، بەراوردکردن بە نازناو نییە."
لە کۆتایی هەڤپەیڤینەکەدا پرسیاری بارسێلۆنا لە سەرۆکی ریال مەدرید کرا، لە وەڵامدا گوتی " بارسێلۆنا لەگەڵ ریال مەدرید یەکێک لە گەورەترین دامەزراوەکانی جیهانە، دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی و ئەمە شتێکی گرنگە بۆ تۆپی پێی ئیسپانیا و جیهان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ