هاندرانی ریال مەدرید دروشمی دژە ئیسلامیان گووتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هاندەرانی ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

دووبارەبوونەوەی دروشمەکان نیگەرانییەکانی فیفا پێش مۆندیالی 2030 زیاتر دەکات و جارێکی دیکە هاندەرانی ئیسپانیا دروشمیان دژی ئیسلام گووتەوە.
 
قەیرانێکی نوێ بەهۆی هاندەرانی ریال مەدریدەوە سەریهەڵدا، پێش یارییەکەی دوێنێ سێشەممە بەرامبەر بایرن میونشن لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لە چوارچێوەی یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا.
 
بایرن میونشن لە ناو جەرگەی ریال مەدریددا 2-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بۆ ئەوەی هەنگاوێکی گرنگ بەرەو پێش کۆتایی بنێت پێش یاریی گەڕانەوە لە هەفتەی داهاتوو لە یاریگای ئالیانز ئەرێنا.
 
ماڵپەڕی فووت مێرکاتۆی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێک لە هاندەرانی ریال مەدرید هەمان ئەو گۆرانییە دژە ئیسلامەیان پێش یارییەکەی بایرن میونشن گوتووەتەوە، کە لە یاریی ئیسپانیا و میسر لە ئیسپانیۆل گووتیانەوە، ئەمەش جارێکی دیکە مەترسییەکانی رەگەزپەرستی لە یاریگاکانی ئیسپانیا زیندوو کردەوە.
 
مشتومڕەکان دەربارەی رەگەزپەرستی لە یاریگاکانی ئیسپانیا تووندتر دەبنەوە، ئەمەش جارێکی دیکە فیفا دەخاتە بارودۆخێکی شەرمەزارکەرەوە. تەنیا چەند کاژێرێک دوای دەستپێکردنی رێکارە سزاییەکان دژی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا بەهۆی رووداوەکانی یارییە دۆستانەکەی نێوان ئیسپانیا و میسر، رووداوەکەی هاندەرانی ریال مەدرید ئاگری گرژییەکانی خۆشکردەوە.
 
ماڵپەڕە فەرەنسییەکە باس لەوەش دەکات کە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە تێیدا کۆمەڵێک لە هاندەرانی ریال مەدرید دروشمی 'هەرکەسێک هەڵنەپەڕێت موسڵمانە" دەڵێنەوە، ئەمەش هەمان ئەو دروشمەیە کە لە کاتی یارییە نێودەوڵەتییەکەی هەفتەی رابردووی نێوان ئیسپانیا و میسر لە یاریگای ئیسپانیۆل بیسترا، کە بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتایی هاتبوو.
 
کاتی ئەم رووداوە بۆ دەسەڵاتدارانی ئیسپانیا زۆر بێزارکەر بوو، بەتایبەت دوای ئەوەی فیفا بەفەرمی لێکۆڵینەوەی سزایی دژی یەکێتیی ئیسپانیا راگەیاند بەهۆی ئەو دروشمە رەگەزپەرستییانەی لە یاریی ئیسپانیا و میسردا بیستران.
 
ناوبژیوانی یارییەکە لە راپۆرتە فەرمییەکەیدا ئاماژەی بەم رووداوانە کردووە، ئەمەش وایکرد کە دۆسێیەکە رەوانەی لیژنەی سزاکانی یەکێتیی نێودەوڵەتی بکرێت. سزاکانی ئەگەر هەیە سنووردار بن، بەڵام هێمادارن، لە نێوان سزای دارایی و پابەندکردنی یەکێتییەکە بە بڵاوکردنەوەی پەیامی دژە رەگەزپەرستی لە یارییەکانی داهاتوودا.
 
ئەم رووداوەی دوایی بوونی کێشەیەکی بنەڕەتی لەنێو هاندەرانی تۆپی پێی ئیسپانیادا دەسەلمێنێت. لەماوەی چەند وەرزێکی رابردوودا، یارییەکانی خولی ئیسپانی بە دروشمی رەگەزپەرستی و جیاکاری بەرامبەر یاریزانان و پێکهاتەکان شێوێندراون. چەندین ئەستێرەی خولەکە کاریگەر بوون بەم رەفتارانە، وەک ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئانسو فاتی و کیلیان ئێمباپێ.
 
ئەم دۆخە هەستیارتر دەبێت بەهۆی ئامادەکارییەکانی ئیسپانیا بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 لەگەڵ مەغریب و پۆرتوگال. بۆ فیفا، کە دەیەوێت ئەم پاڵەوانێتییە وەک پلاتفۆرمێک بۆ هەڵمەتەکانی دژی رەگەزپەرستی بەکاربهێنێت، زیادبوونی رووداوە مشتومڕاوییەکان لە یەکێک لە وڵاتە میواندارەکان دەبێتە هۆی نیگەرانی. چەندین دەنگی رۆژنامەڤانی ئیسپانیش نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە کاریگەری ئەم رووداوانە لەسەر ناوبانگی نێودەوڵەتی وڵاتەکەیان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە