هانس فلیک نزیکە لە وەرگرتنی راهێنەرایەتی بارسێلۆنا

12-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانس فلیک یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هانس فلیکی ئەڵمانی، راهێنەری پێشووی یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا هەنگاوێکی دیکە لە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی بارسێلۆنا نزیک بووەوە.
 
یانەی بارسێلۆنا بەدوای راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت، بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو شوێنی چاڤی هێرناندێز بگرێتەوە، دوای ئەوەی ئەو راهێنەرە رایگەیاند کە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا بەفەرمی لە یانەکە دەڕوات.
 
پێشتر زۆر لە میدیاکان باسیان لەوە کردبوو کە هانس فلیک بەربژێرێکی بەهێزە بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو شوێنی چاڤی بگرێتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، کەسانی نزیک لە فلیک ئاشکرایان کردووە، راهێنەرە ئەڵمانییەکە زۆر بە جۆش و خرۆشە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتیکردنی یانەی کەتەلۆنی.
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، فلیک دەستیکردووە بە گەڕان بەدوای ئەو یاریدەدەرانەی کە دەتوانن بە زمانی ئەڵمانی و ئیسپانی قسە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن وەک یاریدەرێک لەگەڵی کاربکەن لە ئەگەری ئەوەی دەستنیشان بکرێت بۆ راهێنەرایەتی بارسێلۆنا.
 
پێشتر هەواڵەکان پشتڕاستیان کردبووەوە کە فیلیک دەستی بە بەشداریکردن لە خولی فێربوونی زمانی ئیسپانیدا کردووە.
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە روونیکردەوە کە ئێستا دوو ناو هەیە کە ئەگەری هەیە پەیوەندی بە ستافی فیلیک لە بارسێلۆنا بکەن، ئەوانیش ئۆسکار کۆروسکانۆ کە بەڕەچەڵەک ئیسپانییە و پێشتر راهێنەری هەڵبژاردەی ئەڵمانیای خوار تەمەن 21 ساڵان بووە. لەگەڵ کریستیان فێڵ، کە راهێنەری ئێستای یانەی نورنبێرگی ئەڵمانییە.
 
هانس فلیک ئەو راهێنەرەیە کە ئەنجامە گەورەکەی لەدژی بارسێلۆنا بەدەستهێناوە و ئەوکاتەی راهێنەری بایرن میونشن بوو، لە چامپیۆنزلیگدا 8-2 لە بارسای بردەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە