گورزێکی دیکەی کوشندە بەر ریال مەدرید کەوت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فێرلان مێندی پێکانی یاریزانان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خۆشیی بردنەوە گەورەکەیان لە مانچێستەر سیتی بە هەواڵێکی ناخۆش لە مەدریدییەکان تێکچوو، کاتێک دەرکەوت کە نەفرەتی پێکان لە ئەستێرەیەکی دیکەی ریال مەدرید داوە و یاریزانەکە دووردەکەوێتەوە.
 
فێرلان مێندی تووشی پێکانێکی بەهێز بوو لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی، لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ، کە دوێنێ چوارشەممە لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەڕێوەچوو.
 
ریال مەدرید هەنگاوێکی گەورەی بەرەو قۆناخی هەشتەمی خولەکە نا، دوای ئەوەی بەئەنجامێکی گەورە و بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە میوانەکەی، مانچێستەر سیتی بردەوە. ریال مەدرید ئەم سەرکەوتنە قەرزداری ئەستێرەکەی فێدی ڤاڵڤێردییە کە لە گێمی یەکەمدا بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش هاتریکی تۆمارکرد.
 
بەڵام بەگوێرەی رۆژنامەی ئەی ئێس، ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر لە نێوان هەردوو گێمی یارییەکەدا هەواڵێکی ناخۆشی پێگەیشت، ئەویش پێکانی مێندی بوو کە نەیتوانی تەواو بکات.
 
جێگەی سەرسامی بوو کاتێک بینرا فران گارسیا لە کاتی پشووی نێوان هەردوو گێمدا خەریکی گەرمکردنە، کاتێکیش یاریزانەکان گەڕانەوە بۆ نێو یاریگا بۆ دەستپێکردنی گێمی دووەم، هەواڵە ناخۆشەکە پشتڕاستکرایەوە.
 
فێرلان مێندی فەرەنسی لە ژووری گۆڕینی جلوبەرگ مایەوە، لە کاتێکدا بەدەست ئازارێکی جەستەیی و دەروونییەوە دەیناڵاند بەهۆی ماندووبوونێکی نوێی ماسوولکەییەوە.
 
ئەربێلوا دوای یارییەکە گەشبین نەبوو و گوتی "ئەو ئازاری هەیە، بەڵێ. بارودۆخەکە باش دیار نییە. دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دەکەم؛ ئێمە سەرکێشیمان کرد کە لە دوو یاری لەسەریەکدا یاریمان پێکرد دوای دابڕانە درێژخایەنەکەی. من ئەو سەرکێشییەم کرد و سوپاسگوزاری ئەوم".
 
فێرلان مێندی یارییەکی نموونەیی پێشکەش دەکرد، گێمی یەکەمی بە ئاهەنگگێڕان لەگەڵ هاوڕێکانی کۆتایی پێهێنا دوای ئەوەی لە رووی بەرگرییەوە رۆڵێکی سەرەکی هەبوو، تاوەکو ئەوکاتەی دووبارە جەستەی خیانەتی لێکردەوە.
 
بەهەرحاڵ، یانەکە بەبڵاوکراوەیەک گەشبینانەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە چاوەڕێی پشکنینی زیاترن، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێکانێکی قورس نییە و تەنیا وەک رێکارێکی خۆپارێزی بەهۆی گرژبوونی ماسوولکەوە گۆڕانکاریی پێکراوە.
 
ئێستا بەشداریکردنی مێندی لە یاریی گەڕانەوە لە یاریگای ئیتیحاد لە هەفتەی داهاتوو کەوتووەتە ژێر گومانەوە، بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە کارێراس لە گەڕانەوە بۆ یاریگاکان نزیکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە