رووداو دیجیتاڵ
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی دەستنیشانکردنی براوەی باڵۆن دۆری ساڵی 2025، مشتومڕ لەسەر ناوی ئەو یاریزانانە زیاتر دەبن کە بەربژێرن بۆ بردنەوەی خەڵاتەکە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەم وەرزەدا پێشکێشیانکردووە و پێنج یاریزانی یانەی پاریس سانجێرمان لەنێو لیستی 10 بەربژێری بردنەوەی باڵۆن دۆردان.
رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی ناوی دوایین 10 بەربژێری بڵاوکردووەتەوە، عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی پاریس سانجێرمان پێشەنگی ریزبەندی بەربژێرەکانی بردنەوەی باڵۆن دۆری گرتووە بە کۆکردنەوەی 155 خاڵ.
لامین یامال، ئەستێرەی لاوی ئیسپانیا و یانەی بارسێلۆنا لە پلەی دووەمی بەربژێرەکاندایە و 127 خاڵی کۆکردووەتەوە.
ڤیتینیای ناوەڕاستکاری پۆرتوگالی و یانەی پاریس سانجێرمان بە 100 خاڵ پلەی سێیەمی گرتووە، دوای ئەوانیش هەریەکە لە ئەشرەف حەکیمی، محەممەد سەڵاح، نونۆ مێندێس، کیلیان ئێمباپێ، جیانلویجی دۆنارووما، رافینیا و پێدری ناویان لە لیستی بەربژێرەکاندایە.
پێوەرەکانی باڵۆن دۆر بۆ 2025 ئەمانەن
ئاستی تاکەکەسی
گۆڵ و ئاسیست، کلین شیت و کاریگەریی گشتی لەسەر یارییەکانی تیپەکەی، توانای یاریزانێک لە پێشاندانی ئاستی بەرز و هۆکاری سەرەکیبوونی لە ئەنجامەکانی یانەکەیدا.
ئەنجام و دەستکەوت
سەرکەوتنی یاریزانەکە لە بەرچاو دەگیرێت لە بردنەوەی دەستکەوت و نازناو لەگەڵ یانە و هەڵبژاردەکەی
یاریی خاوێن
هەڵسوکەوتی یاریزان لەنێو یاریگە و دەرەوەی یاریگە، بەشداریکردن لە کاری خێرخوازی و مرۆڤایەتیدا.
رۆژی 22-9-2025 دووشەممەیە و رۆژی ئاشکراکردنی ناوی براوەی باڵۆن دۆری ساڵی 2025ـە، چەند رۆژێک لەمەوبەر دوای بردنەوەیان لە یانەی ریال مەدرید و گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی مۆندیالی یانەکان، لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان گوتی "عوسمان دێمبێلێ، بە جیاوازییەکی زۆر لەگەڵ یاریزانەکانی دیکە شایستەی بردنەوەی باڵۆن دۆرە."
ناسڕ خلێفی، سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان دەڵێت "ئەگەر دێمبێلێ خەڵاتی باڵۆن دۆر نەباتەوە، دیارە کێشەیەک هەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ