نەیمار، ئەو مێرمنداڵەی بە گەنجی پیربوو

12-10-2021
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن وتاری وەرزشی نەیمار
A+ A-
رێبوار محەممەد

 

ئەوەندەی هەل و گونجان و راهێنەری باش، هۆکارن بۆ بەردەوامبوون و درەوشانەوەی یاریزان، ئەوەندە و زۆر زیاتریش، بیرکردنەوە و شێوازی هەڵسوکەوت و کەسایەتی یاریزان، رۆڵیان لە درەوشانەوە یان کوژرانەوەی یاریزاندا هەیە.
 
هەن، شەڕ بەتەمەنی خۆیان و توانا جەستەییەکانیان دەفرۆشن، خۆیان ناچار بە درەوشانەوە و بەردەوامبوون لەسەر یاریکردن دەکەن، هەموو شتیان بەدەستهێناوە و هێشتا تێرنابن، هەشن خۆیان بۆ کارکەناربوون و وازهێنان هەڵدەنێن، هێشتا هیچیان نەکردووە، وا قسە دەکەن وەکئەوەی کورد گوتەنی، ئینتەلایان کردبێت لە دەستکەوتدا. 
 
هەردوو نموونەکە زۆر بەئاسانی بەرجەستەن، یەکەمیان لە نەیمار دا سێلڤای بەرازیلی و دووەمیان لە مێسی، رۆناڵدۆ، ئیبراهیمۆڤیچ، بنزیما و چەندانی دیکەدا بەڕوونی دەردەکەون.
 
یاریزانی سەرکەوتووی تۆپی پێ، پێویستی بە مێشکی پۆڵایین و بیرکردنەوەی گەورانە و بڕیاردانی پێگەیشتووانە هەیە، ئەوەی ئەو سیفەتانەی تێدا نەبێت، دەبێ هەرزوو گۆڕەپانەکە چۆڵ بکات.
 
سەیرە.. نەیمار لە تەمەنی 28 ساڵیدا وەک پیرێک قسە دەکات، باس لە توانای هزری و بەرگەگرتنی مێشکی دەکات، هەر لە ئێستاوە دەڵێت لەوانەیە مۆندیالی داهاتوو، دوا مۆندیالی ژیانی بێت، چیدی بەرگەی فشارەکانی تۆپی پێ و ئەو دونیا پڕ جەنجاڵە ناگرێت و وازدەهێنێت. ئەم قسانە پڕ بەپێستی وەسفی ئەو کەسانەن کە زەکەریا عەبدوڵا لە گۆرانییەکدا بە "گەنجی پیر" ناویبردوون.
 
سەیرە.. نەیمار دەڵێت مۆندیالی 2022ی قەتەر دوا پاڵەوانێتیی من دەبێت، لەبەرئەوەی نازانم ئەوکات توانای عەقڵیی ئەوەم دەبێت مامەڵە لەگەڵ تۆپی پێدا بکەم یان نا؟
 
نەیمار هێشتا تەمەنێکی تەواو گونجاوی هەیە بۆ یاریکردن و بەردەوامبوون لە یاریگەکانی تۆپی پێدا. یاریزانی وڵاتێکە کە خەڵکەکەی وەک 'پیرۆز' تەماشای یاریزانەکانی تۆپی پێدەکەن و هەڵبژاردەکەشی لە دۆخێکی باشدایە و کەمترین فشاری لەسەرە. لە خولێکدا یاریدەکات و یاریزانی یانەکەیە، میدیا کەمترین فشاری دەروونی و عەقڵی لەسەر دروستدەکەن، لە چەند ساڵی رابردووشدا بینیمان کە نەیمار و یانەکەی رووبەڕووی کەمترین هێرشی میدیایی بوونەوە، کەچی لەو دۆخە باشەدا باس لەوە دەکات لە 30 ساڵیدا چیدی توانای بەرگەگرتنی فشارەکانی دونیای تۆپی پێی نامێنێت.
 
ئەم راستییانە هێندەی پەیوەندی بە خودی نەیمارەوە هەیە وەک یاریزان و وەک بیرکردنەوەی پیشەگەرانە، هێندە پەیوەندی بە توانا عەقڵییەکانییەوە نییە. لە راستیدا من هیچکات پێموانەبووە نەیمار ئەستێرەیەکی جیهانی بێت، هێندەی وەک مێرمنداڵێکی پێنەگەیشتوو هاتووەتە بەرچاوم، هیچکات ئەوم وەک ئەستێرە و سەرکردەیەکی راستەقینە نەبینیووە. مێژووش پێماندەڵێت لە چەند ساڵی کەمی رابردوودا، دەیانجار نەیمار، لە شوێن و کات و یاری هەستیاردا، هەڵبژاردەکەی کە بەرازیلە و یانەکەی کە پاریس سانجێرمانە، دەستخەڕۆ کردووە، لە راستیدا ئەوە چانسی نەیمار و دەرنەکەوتنی ئەستێرەی گەورەی لێهاتووە لە بەرازیلدا وایکردووە بۆ بەرازیلییەکان، نەیمار ئەستێرەی یەکەم و فریادڕەس بێت، دەنا لە راستیدا نەیمار یاریزانێکی ئاسایی خاوەن لێهاتوویی زیاتر، شتێکی دیکە نییە.
ئەوەی لە قسەکانی نەیماردا هاتووە، گوزارشتە لە عەقڵیەتی ناپیشەگەرانەی ناکامڵ، ئاخر نەیمار ئەوەندەی قوربانیی ئارەزووە گەنجانەکانی و بڕیارە نادروستیەکانیەتی، هێندە قوربانیی شتێکی دیکە نییە تا لەم تەمەندا هاواری ئەوە بکات لە سی ساڵیدا واز لە هەڵبژاردەکەی دەهێنێت.
 
لەوانەیە هەندێک بەگژمدا بچنەوە لەوەی دەڵێم نەیمار ئەستێرە نییە و یاریزانێکی تۆزێک لەسەروو ئاساییەوەیە، چونکە هەر ئەوەی نەیمار دەیڵێت، تەواو پێچەوانەی ئەوەیە کە ئەستێرەکان دەیڵێن، ئێوە بیستووتانە ئەستێرەیەک لە 28 ساڵیدا خەون بە وازهێنان و پاڵدانەوە ببینێت و بەخۆی بڵێت: ستۆپ؟
 
مێسی لە 34 ساڵیدا گەورەترین شەڕ بۆ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەکات و خاڵی لاوازی تەمەنی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، کە نەبوونی نازناوێکە، دەسڕێتەوە و کۆپا ئەمریکا دەباتەوە. رۆناڵدۆ لە 36 ساڵیدا ژمارەی پێوانەیی عەلی دایی دەشکێنێت و دەبێتە خاوەنی گۆڵی ژمارە 112ی نێودەوڵەتی، ئەوکات بەشانازییەوە دەڵێ، باوەڕم بەم رۆژە نەدەکرد، بەڵام 181 جار شانازی بەخۆمەوە دەکەم.
 
تۆ سەیرکە، بنزیما لە تەمەنی 33 ساڵیدا و پاش 6 ساڵ لە ناهەقیی دیشامپ بەرامبەری، بەخۆشحاڵی و ئەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە دەگەڕێتەوە هەڵبژاردەی فەرەنسا و زۆری پێناچێت کە نازناوی نەیشنلیگ لەگەڵ فەرەنسادا دەباتەوە.
 
زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچ لە تەمەنی 40 ساڵیدا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی سوێد و دەڵێت، هێشتا تێر نەبووم. کەچی نەیمار پاشئەوەی لە دوو مۆندیالی پێشوودا هۆکارێکی سەرەکی بوو بۆ ئابڕوچوونی بەرازیل لەو دوو بۆنە جیهانییەدا، دێت و دەڵێت ئیدی من تەواو. راستیت دەوێ، ئەگەر نەیمار تۆزقاڵێک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی تێدابووایە، دەبوو لە دوای 2002ەوە کە بەرازیل دوانازناوی مۆندیالی تێدا برد و کۆتایی بەنەوەی زێڕینی رۆناڵدۆ، رۆناڵدینیۆ و ریڤاڵدۆ هات، بەرپرسیاریەتیی سامپا لەشان بنێت و هەڵبژاردەکەی بگەیێنێتە نازناوێکی دیکە، بەڵام ئەوەی نەکرد و نەیویست بیکات، ئەو هێندەی خەمی خۆنمایشکردن و خۆتوڕەدەرخستنی بوو لە یاریگەدا، هێندە خەمی دەرکەوتن و سەرکەوتنی سامپای نەبوو.
 
لەوانەیە هەندێکتان بڵێن ئەی ئەوە نییە نەیمار لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل بۆ یەکەمجار لە مێژوودا میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی بردەوە؟ ئەوەیان راستە، بەڵام دەزانن بۆچی لەوێ سەرکەوت؟ چونکە ئۆڵیمپیاد پاڵەوانێتیی ئەو یاریزانانەیە کە بەپێی تەمەن دەکرێ بە 'مێرمنداڵ' یان روواڵ ناوببرێن، نەیماریش ئەو روواڵە بوو، هەرگیز گەورەنەبوو، هەر بەگەنجیش.. زوو، پیربوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە