فلۆرێنتینۆ پێرێز بەتووندی هەڕەشە لە یاریزانەکانی دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێتینۆ پێرێز ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید هاتەدەنگ و هەڕەشەی سزای تووند لە یاریزانەکانی دەکات،
 
تەنیا  چوار رۆژ، ئەو ماوەیەیە کە لەبەردەم پڕۆژەی چابی ئەلۆنسۆی تاهێنەری ئیسپانی لە ریال مەدرید ماوە، ئەوەش دوای شکستەکەی چوارشەممەی رابردوو بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە خولی یانە پاڵەوانەکاندا.
 
یارییەکەی خول بەرامبەر ئالاڤێس، کە بڕیارە ئێوارەی یەکشەممە لە یاریگەی مێندیزۆرۆزا بەڕێوەبچێت، وەک یاریی کۆتایی داهاتوو دەبێت بۆ راهێنەرە باسکییەکە، کە لە دوای کۆبوونەوەی بەیانی یەکشەممەوە و  دوای دۆڕان بەرامبەر سێلتاڤیگۆ لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، رووبەڕووی رەخنەی تووند دەبێتەوە لەلایەن کارگێڕیی یانەکەوە.
 
بەپێی ئەو سەرچاوانەی رۆژنامەی ئێل مۆندۆی ئیسپانی گواستوویەتیەوە، دۆڕان بەرامبەر تیپەکەی پێپ گواردیۆلا بە شکستێکی قەرەبوونەکراوە دانانرێت؛ چونکە تیپەکە بەشێک لە وزە و هێزی خۆی بەدەستهێنایەوە، بەڵام چەندین هەلی مسۆگەری لە خولەکەکانی کۆتاییدا لەدەستدا کە دەکرا ئەنجامەکە یەکسان بکەنەوە.
 
لەکاتێکدا تیبۆ کۆرتوا لە سەرەتای گێمی دووەمدا تیپەکەی رزگارکرد، ریال مەدرید ئاستێکی باشتری پێشکێش کرد بە بەراورد بە یارییەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ.
 
هەریەک لە جود بێلینگهام، رۆدریگۆ، ئاسێنسیۆ، و کۆرتوا پشتیوانی خۆیان بۆ راهێنەر دەربڕی و هەمان پەیامیان دووپاتکردەوە "ئێمە 100٪ پشتیوانی چابی دەکەین".
 
تا ئێوارەی چوارشەممە، پەیامەکانی پشتیوانی ئاشکرا لە ژووری جلگۆڕینەوە دەگمەن بوون؛ تەنیا کیلیان ئێمباپێ لە ئەسینا و ئۆریلین چوامینی پێش رووبەڕووبوونەوەی مانچێستەر سیتی قسەیان کردبوو، کە هەردووکیان لە دیارترین هاوپەیمانەکانی ئەلۆنسۆن لە مەشقەکاندا، بەڵام بابەتەکە لەو سنوورەدا وەستا.
 
بەدوای ئەو کۆبوونەوە باڵایەی کە بەم دواییانە بە سەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز و خۆسێ ئانخێل سانچێز ئەنجامدرا، بابەتێک دەرکەوت کە لە داهاتووی چابی ئەلۆنسۆ وەک راهێنەری ریال مەدرید گرنگترە، ئەویش بریتییە لە رەفتاری یاریزانان لەناو تیپەکەدا.
 
کارگێڕیی یانەکە درک بەوە دەکات کە لە مانگەکانی رابردوودا پشتیوانی هەندێک لە یاریزانەکانی کردووە، لەسەرووی هەموویانەوە ڤینیسیۆس جونیۆر لە ناکۆکییەکەی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ، دوای ئەوەی لە سزا رزگاری بوو سەرەڕای ناڕەزایەتی ئاشکرای لەکاتی گۆڕینی لە یاریی کلاسیکۆدا، بەڵام قەیرانی ئێستای ئەنجامەکان کارگێڕیی ناچارکرد بڕیاری دانانی یاسای نوێ لەناو تیپەکەدا بدات.
 
پێویست بوو سنوورێک بۆ ئەم دابەشبوونە بەردەوامە دابنرێت، جا بە بوونی چابی ئەلۆنسۆ بێت یان بەبێ ئەو، پەیامەکەشروون بوو "یان یەکدەگرن، یان دەبنە ئامانجی داهاتوو"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە سیاسەتی جیاکاریی نێوان ئەستێرەکان و سەپاندنی سزای تووند لە کاتی هەر سەرپێچییەکدا.
 
یاریزانان بەڕوونی لەم پەیامە تێگەیشتن لە گێمی دووەمی یارییەکەی مانچێستەر سیتی، کاتێک هاندەرانی بێرنابیۆ، بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا، فیکەی ناڕەزایەتییان دژی یاریزانان لێدا، بە وردیش، تووڕەیی هاندەران لەسەر ڤینیسیۆس جونیۆر و جود بێلینگهام چڕبووەوە، کە لە دوو وەرزی رابردوودا لە خۆشەویستترین یاریزانەکان بوون لای هاندەرانی ریال مەدرید.
 
وا دیارە هەڵوێستی کارگێڕی دەنگدانەوەی هەبووە لەنێو ژووری جلگۆڕین کە لە دوو مانگی رابردوودا ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها وەک ئامادەکارییەکە بۆ ئەگەری گۆڕینی دەستەی هونەری، لە سایەی بڵاوبوونەوەی ناوی وەک ئاربێلۆ، سۆلاری، و زینەدین زیدان وەک جێگرەوەی ئەگەری بۆ راهێنەرە باسکییەکە لە ڤاڵدیبێباس.
 
ئەم پەیامە، شانبەشانی ئەو دەنگۆیانەی دەربارەی داهاتووی چابی ئەلۆنسۆن و فیکەی ناڕەزایەتی هاندەران، کەشوهەوای ناو ژووری جلگۆڕینی گۆڕیوە، بەشێوەیەک سەرنجەکان کەوتوونەتە سەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە