رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری نوێی یانەی ریال مەدرید، لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا باسی زۆر شتی کرد و لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا، باسی جۆزێ مۆرینیۆ، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و چابی ئەلۆنسۆی کرد و گوتیشی "راهێنەر هەبووە لێرە سێ چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، کەچی دوای مەشقەکان دەبوو بڕواتە ماڵەوە و باخچەکەی ئاوبدات".
ئەربێلوا لە وەڵامی رێکدا سەبارەت بە تیپەکەی، گوتی "ئەوە یەکەم یاریی ئێمەیە. دۆخمان لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ باشە، بەڵام ئەوەی خەمی منە، تەنیا ئامادەیی یاریزانەکانمە. دەمەوێت کار بکەین، لێکتێبگەین.. دەمەوێت یاریزانەکانم لە ناو یاریگەدا ئازادبن، چێژ لە تۆپی پێ وەربگرن، چونکە لە کۆتاییدا ئەوان پاڵەوانی راستەقینەن".
باسی چابی ئەلۆنسۆی کرد و و گوتی "پەیوەندی من و چابی لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. دوێنێ زۆر قسەمان کرد، ئەو هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستم و منیش بۆ ئەو. ئەو راهێنەرێکی گەورەیە و داهاتوویەکی درەوشاوەی هەیە. ئێمە بۆ هەتا هەتایە وەک برا دەمێنینەوە، رێک وەک ئەو هەموو ساڵەی دوایی".
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئەلڤارۆ گوتی "من زۆر بەختەوەرم کە ڤینیسیۆس جونیۆرم هەیە! ئەو یاریزانەی کە هەموو هاندەران عاشقینە. من ئەو ڤینیەم دەوێت کە یەکشەممەی رابردوو بینیمان؛ ڤینییەک کە پێدەکەنێت، چێژ وەردەگرێت، سەما دەکات و بەتەنیا دەتوانێت چارەنووسی کلاسیکۆ بگۆڕێت. ئەو جیاوازی دروست دەکات".
راهێنەری نوێی ریال مەدرید، سەبارەت بە جۆزێ مۆرینیۆ گوتی "بۆ من شانازییەکی گەورە بوو کە یاریزانێکی جۆزێ مۆرینیۆ بووم. ئەو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر من هەبووە و هەمیشە لەدڵمدایە، بەڵام تکایە تێبگەن.. من ئەربێلوام، من لە شکست ناترسم، بەڵام دڵنیام ئەگەر هەوڵ بدەم ببمە مۆرینیۆ، بەخراپی شکست دەهێنم. من تەنیا دەمەوێت خۆم بم".
ئەربێلوا لە کۆتاییدا گوتی "ریال مەدرید 123 ساڵ مێژووی هەیە. لێرە زۆر قورسە دان بەوەدا بنێین کە تیپەکە باش یاری دەکات! داواکارییەکان لێرە بێ کۆتایین. راهێنەر هەبووە لێرە سێ چامپیۆنزلیگی بردووەتەوە، کەچی دوای مەشقەکان دەبوو بڕواتە ماڵەوە و باخچەکەی ئاوبدات من دەزانم لە کوێم و مەدرید چی دەوێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ