رووداو دیجیتاڵ
فلۆرنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پێشوازی لە یاریزانە تازەهاتووەکەی، ئاوریلیێن چوامینی کرد، کە نوێترین گرێبەستی یانەی ریال مەدریدە و لە مۆناکۆی فەرەنسییەوە هاتووە.
لە پرێس کۆنفرانسی پێشکەشکردنی یاریزانەکەدا، پێرێز گوتی "بەخێر بێیت بۆ ریال مەدرید، لێرە ئەو ناوچەیەیە کە هیوا و ئاڵنگارییە گەورەکانمانی لێیە".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە ئەم وەرزە بە یەکێک لە وروژێنەرترین وەرزەکانی مێژووماندا تێپەڕیوین، تەنیا دەتوانین ڕازی بین، نازناوەکانیش پاڵنەرێکی دیکەمان پێدەبەخشن، هەموومان بیر لە پانزدەهەمین نازناوی ئەوروپا دەکەینەوە، بەتایبەتی یاریزانەکان".
لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی ریال مەدرید گوتی "ئاڵنگارییەکانی داهاتوو قورس دەبن، بۆ ئەمەش دەبێت تیپەکە بەهێز بکەین بە یاریزانی گەورە، ئەمڕۆش گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی دیار دەکەین، هەروەها پێشوازی لە یەکێک لە باشترین یاریزانانی ناوەڕاست دەکەین کە چوامینییە".
پێرێز هێشتا رووی قسەکانی لە چوامینی بوو، گوتی "له تهمهنی 22 ساڵیدا دهتوانیت بڕیار بدەی، تۆ ریال مهدریدت ههڵبژارد، لێرە چەندین ئهزموون دەبینی كه ههرگیز له بیرت ناچنهوه، له بێرنابیۆش هۆکاری ئەوە دەزانی کە بۆچی ئێمه باشترین یانهین له جیهاندا".
لە درێژەی قسەکانیدا، پێرێز گوتی "سەرەڕای تەمەنی گەنجی، تۆ یاریزانێکی سەرەکیت بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا، هەروەها یەکێکیت لە ئەستێرە گەورەکانی خولی فەرەنسا، هەروەها هاتوویتە مەدرید بۆ ئەوەی وروژێنەرترین ساتەکانی ژیانی وەرزشی خۆت بژیت".
سەرۆکی ریال مەدرید گوتیشی "ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر گرنگە بۆ ئێوە و خانەوادەکەتان، ئەوان شانازیتان پێوە دەکەن، هەروەها پشتگیری هەموو مەدریدیەکان بەدەستدێنن، کە داواتان لێدەکەن بجەنگیت، پابەندبن و قوربانی بدەن".
لە کۆتاییدا بە چوامینی گوت "ئەمڕۆ قۆناخێکی ژیانت لە مەدرید دەست پێدەکات، و ئێمە هەرگیز لێرە کۆڵ نادەین، بەخێر بێیت بۆ مەدرید، بەخێر بێیت بۆ ماڵەکەت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ