کریستیانۆ ژمارەی قوربانییەکانی زیادکرد

15-02-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کاپتنی یانەی نەسڕی سعودی، یانەی فەیحای خستە لیستی قوربانییەکانی لە سعودییە، دوای ئەوەی لە یاریی چوونی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگی ئاسیادا توانی تۆڕی بهەژێنێت و سەرکردایەتی یانەکەی بکات بۆ بردنەوە بە ئەنجامی گۆڵێک بەرامبەر بە هیچ.
 
گۆڵەکەی دۆن لە خولەکی 81 تۆمارکرا، دوای ئەوەی پاسێکی نایابی لە مارسێلۆ برۆزۆڤیچی هاوڕێی، لەنێو ناوچەی سزادا پێگەیشت.
 
بەمشێوەیە رۆناڵدۆ رۆژووی دوو یاریی پێشووی بەرامبەر فەیحا شکاند، چونکە لە خولی پیشەگەری سعودیەدا 180 خولەک بوو کریس بەرامبەر فەیحا گۆڵی نەکردبوو.
 
بە چوونی فەیحا بۆ نێو لیستی ئەوە یانانەی کە دۆن گۆڵی بەرامبەریان تۆمارکردووە، باتن بە تاکە یانەی سعودیە دەمێنێتەوە کە تاوەکو ئێستا بەرگەی ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی گرتووە و هێشتا کریس نەیتوانیوە گۆڵی لێبکات.
 
رۆناڵدۆ یەک یاری بەرامبەر یانەی باتن ئەنجامداوە، لە قۆناخی دووەمی وەرزی رابردووی خولی رۆشن، پێش ئەوەی تیپەکە بۆ خولی پلە یەک دابەزێت.
 
کریستیانۆ لە دوو یارییدا لە خولی سعودیە گۆڵی بەرامبەر هیلال تۆمارنەکرد و لە جامی وەرزی ریازیشدا گۆڵی تۆمارنەکرد، بەڵام لە یاریی کۆتایی جامی شا سەلمان بۆ یانە پاڵەوانەکانی عەرەبی بەرامبەر هیلال گۆڵێکی تۆمارکرد.
 
مووشەکی مادێرا ژمارەی گۆڵەکانی لە وەرزی ئێستای خولی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیادا گەیشتە 4 گۆڵ، لە کاتێکدا هاوڕێ بەرازیلییەکەی، ئاندرسۆن تالیسکای هاوڕێی گۆڵکاری پاڵەوانێتییەکەیە بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ، بەهاوبەشی کریسان دا کروز، ئەستێرەی چینی لە یانەی شاندۆنگ تایشان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە