ئامەدسپۆر چاوی لە بردنەوەیەکی دیکەیە و 30 هەزار هاندەر ئامادەدەبن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر یارییەکی گرنگی هەیە و بەرامبەر ساکاریا سپۆر رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ خاڵی دیکە دەکات، بۆ ئەوەی شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا بکات.
 
ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 16:00 لە رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی خولی پلە یەکی تورکیا، یانەی ئامەدسپۆر لەنێو یاریگە و هاندەرانی بەرامبەر ساکاریا سپۆر یاریی دەکات، هاندەرانی ئامەدسپۆر بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم یارییە دەکەن و چاویان لە بردنەوەیەکی دیکەی تیپەکەیانە.
 
ئامەدسپۆر لە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، دوو یاریی رابردووی لەسەریەک بردووەتەوە و چاوی لەوەیە بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە هەر لای خۆی بهێڵێتەوە.
 
بۆ ئەم یارییە 30 هەزار بلیت فرۆشراون و یاریگەی ئامەدسپۆر بەتەواوی کەسک و سوور دەبێت.
 
سینان کالۆگلو، راهێنەری یانەی ئامەدسپۆر بەر لە یارییەکە بە رووداوی گوت "هەموو یاریزانەکانیان ئامادەن، جگە لە چەکدار ئورهان کە بەهۆی سزادانەوە یاریی ناکات، هیچ یاریزانێکیان کێشەی نییە و بەتەواوی بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەن و چاویان لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکەیە."
 
فلۆرێنت هەسانی، گۆڵكارێکی ئامەدسپۆرە و بە رووداوی گوت "متمانەی زۆرمان بە خۆمان هەیە، ئامادەکاریمان کردووە و دەمانەوێت هەموو یارییەکان ببەینەوە و هاندەرانمان دڵخۆشبکەین."
 
ساکاریاسپۆر لە پلەی هەژدەیەمی ریزبەندی خولەکەیە، تەنیا 6 بردنەوەی لەم وەرزەدا هەیە و رکابەری لەسەر مانەوە لە خولەکەدا دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە