رووداو دیجیتاڵ
ئاناتۆلی تروبین، گۆڵپارێزی یانەی بێنفیکا، باس لەو ساتە مێژووییە دەکات لە خولەکی 98 گۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە ریال مەدرید تۆمارکرد. تروبین ئاشکرای دەکات لەو ساتەدا نەیزانیوە تیپەکەی پێویستی بە گۆڵە و تەنیا بەفەرمانی جۆزێ مۆرینیۆ چووەتە پێشەوە، ئێستاش ئەو گۆڵە وەک 'شێتییەک' ناودەنێت.
ئاناتۆلی تروبین هێشتا بەباشی لەو رووداوە تێنەگەیشتووە کە لە خولەکی 98ـی یارییەکەی بەرامبەر ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ روویدا. گۆڵپارێزە ئۆکراینییەکە دەڵێت "لەوەتەی تەمەنم 6 ساڵ بوو، کارم بۆ ئەوە دەکرد رێگری لە گۆڵ بکەم، کەچی ئێستا هەموو جیهان بەهۆی تۆمارکردنی گۆڵێکەوە دەمناسن".
بەهۆی پێکان و گەڕانەوە بۆ ڤار، یارییەکە چەند خولەکێک درێژکرایەوە. لەو کاتەدا بێنفیکا 3-2 لەپێش بوو، بەڵام بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو، پێویستی بە گۆڵێکی دیکە بوو. جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری بێنفیکا، بەکارهێنانی مۆبایل و لاپتۆپی لەنێو یاریگە قەدەخە کردبوو، بۆیە یاریزانەکان نەیان دەزانی ئەنجامەکانی دیکە چۆنن. تروبین لە خولەکی 92 کاتی دەکوشت، بەڵام هاندەران بە هاوارکردن ئاماژەیان بۆ دەکرد بچێتە پێشەوە.
تروبین باس لەو ساتە دەکات و دەڵێت "نەم دەزانی بۆچی هاندەران و هاوتیپەکانم هاوار دەکەن و دەڵێن یەک گۆڵمان ماوە. کاتێک فاوڵێکمان بۆ هەژمارکرا، مۆرینیۆ ئاماژەی بۆ کردم بچمە پێشەوە، ئەوکاتە لە یاریزانێکی هاوڕێم پرسی: ئایا پێویستمان بە گۆڵێکی دیکەیە؟".
گۆڵپارێزە باڵا بەرزەکە. کە درێژییەکەی 199 سانتیمەترە، وەک هێرشبەرێکی سەرکەوتوو بەسەری گۆڵێکی لە تیبۆ کۆرتوا تۆمارکرد. ئەو دەڵێت "وەک ئەوە وابوو من هێرشبەر بم. لەو ساتەدا بیرت لە هیچ نەدەکردەوە، تەنیا بازت دەدا. کاتێک گۆڵەکەم تۆمارکرد، هەموو شتێک تێکچوو، مۆرینیۆ رایکرد و منیش بە ئەژنۆکانم خلیسکام، کە هێشتا شوێنەوارەکەی بە ئەژنۆمەوە ماوە".
دوای یارییەکە، تێبۆ کورتوا بە زەردەخەنەوە پیرۆزبایی لە تروبین کرد. تروبین دەڵێت "ئەو رەفتارەی کۆرتوا نیشانیدا کە ئەو تەنیا لەنێو یاریگە باشترین نییە، بەڵکو لە دەرەوەش نموونەیەکی گەورەیە بۆ نەوەی نوێ".
تروبین لە ساڵی 2023 لە شاختار دۆنێتسکەوە رووی لە بێنفیکا کرد. ئەو لەو کاتەوە نەگەڕاوەتەوە ئۆکراینا. ئەو یاریزانە گۆڵەکەی پێشکێشی وڵاتەکەی کرد کە ساڵانێکی درێژە بەدەست جەنگەوە دەناڵێنێت.
تروبین لە دۆنێتسک لەدایکبووە، بەڵام بەهۆی شەڕەوە هەرگیز نەیتوانیوە لە شاری خۆی یاری بکات. ئەو دەڵێت "خەونم ئەوەیە رۆژێک لە دۆنێتسک یاری بکەم. خێزانەکەم لەوێ کاتی سەخت بەڕێ دەکەن، هەندێکجار 17 یان 18 کاژێر کارەبایان نییە و دەنگی تەقینەوە و درۆنەکان نایەڵێت بخەون".
لە مانگی 03ـی داهاتوو، تروبین و هەڵبژاردەی ئۆکرانیا ئاڵنگارییەکی گەورەیان لەپێشە بۆ گەیشتن بە مۆندیال، کاتێک رووبەڕووی سوێد دەبنەوە. گۆڵپارێزە ئۆکراینییەکە دەڵێت گەیشتن بەمۆندیال بۆ وڵاتەکەی لەم کاتەدا لە هەموو شتێک گرنگترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ