تووڕەبوونی لیاو و بێهیوابوونی میلان

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن میلان سێری ئا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

هیوای میلان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی سێری ئا بۆ وەرزی 2025/2026، دوای شکستی بەرامبەر لازیۆ لە یاریگای ئۆڵۆمپیکۆ بەئەنجامی 1-0  نزیکە لە لەناوچوون. یارییەکە نمایشێکی بێهێزی کوڕانی ماسیمیلیانۆ ئالێگری تێدا بینرا و رافایێل لیاو دوای گۆڕانکاریپێکردنی بە تووڕەییەوە  یاریگەی جێهێشت.
 
گۆڵەکەی گوستاڤ ئیساکسن لە گێمی یەکەمدا بەس بوو بۆ مسۆگەرکردنی سێ خاڵ بۆ لازیۆ. میلان نەیانتوانی سوود لە بردنەوەی دێربیی رابردوو بەرامبەر ئینتەرمیلان وەربگرن و لەم تاقیکردنەوەیەدا شکستیان هێنا.
 
گرژییە گەورەکە لە خولەکی 65ـدا دروستبوو، کاتێک ئالێگری بڕیاریدا رافایێل لیاو و فۆفانا لە یاریگە دەربهێنێت و نیکلاس فولکروگ و کریستۆفەر نکونکۆ بخاتە شوێنیان. لیاو زۆر بە سستی لە یاریگە دەچووە دەرەوە، مایک مەینانی گۆڵپارێز ناچاربوو بە راکردن بچێتە لای و داوای خێراچوونەدەرەوەی لێ بکات بۆ نەفەوتاندنی کات. کاتێک گەیشتە لای هێڵەکە، ئالێگری ویستی باوەشی پێدا بکات، بەڵام لیاو بەتووندی دەستی راهێنەرەکەی پاڵنا و بە شەق کێشای بە دەبەکانی ئاودا.
 
ماسیمۆ ئەمبڕۆزینی، کاپتنی پێشووی رۆسۆنێری، لە شیکردنەوەی دوای یارییەکەدا رەخنەی تووندی لە هەڵسوکەوتی ژمارە 10ـی میلان گرت و گوتی "پێموایە ئەو تووڕەییەی کاتێک لە یاریگە دێتە دەرەوە پیشانی دەدات، پێویستە لەو کاتەی لە ناو یاریگەدایە پیشانی بدات". ئەمبڕۆزینی ئاماژەی بەوەش کرد لیاو تاوەکو خولەکی 34 تەنیا چوار جار قاچی بەر تۆپ کەوتبوو.
 
سەبارەت بە گۆڕینی شوێنی یاریکردنی لیاو، ئەمبڕۆزینی گوتی "وەک هێرشبەری سەرەڕم، تۆ زۆر دادەبڕێیت و پشووی زۆر وەردەگریت بەرامبەر بە باڵەکان. من هەرگیز لیاوم لەو شوێنەدا نەدەگۆڕی و دەمبردەوە بۆ باڵەکان، لیاو  وەک هێرشبەری سەرەڕم سوودی نابێت".
 
دوای یارییەکە، ماسیمیلیانۆ ئالێگری هەوڵیدا گرژییەکان کەم بکاتەوە و گوتی "لیاو کەمێک بێزار بوو، چونکە لە بارودۆخێکدا بوو پێویستی بەوە بوو تۆپی زیاتری پێبدرێت، ئەم شتانە لە ناو یاریدا ئاسایین". راهێنەرەکەی میلان دانی بەوەدانا خەونی نازناو بۆ ئەوان کۆتایی هاتووە و گوتی "ئێستا ئامانجی سەرەکیمان گەیشتنە بە چامپیۆنزلیگ، ئەگەرنا مەترسی ئەوەمان لەسەرە هەموو ئەو شتانەی لە شەش مانگی رابردوودا بنیاتمان ناوە، تێکی بدەین".
 
بەم شکستە میلان بە جیاوازی 8 خاڵ لە دوای ئینتەری پێشەنگەوە دێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە