رووداو دیجیتاڵ
فایزە عەماری، دایکی کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسا و یانەی ریال مەدرید وردەکاریی نوێ لەبارەی ژیانی کوڕەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئەو ئارامییەی ئەو لە یاریگەدا هەیەتی، لە ژیانی رۆژانەیدا نییەتی."
عەماری لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ رۆژنامەی لێ پاریسیانی فەرەنسی دەڵێت "ئێمباپێ لە یاریگەدا زیاتر هەست بە ئاسوودەیی دەکات وەکو لە ژیانی رۆژانە و ئاسایی، لە دەرەوەی یاریگە ژیانی نییە، نێوبانگەکەی بووەتە بەربەستێکی گەورە بووی، چیدیکە ناتوانێت وەکو خەڵکێکی ئاسایی بە شەقامەکاندا بڕوات، ئەمەش زۆر نیگەرانم دەکات."
دایکی کیلیان لەوبارەیەوە زیاتر دەڵێت "ساڵی رابردوو کاتێک لە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕی قسەم لەگەڵی کرد، لێم پرسی ئایا بیر لە پەیوەندییەکی سۆزداری دەکردەوە؟ ئەویش گوتی "ئایا هیچ ژنێک دەبینیت بتوانێت ئەم پشێوییە قبوڵ بکات؟ هەندێکجار بە دەوری پاریسدا هاتووچۆ دەکات تەنیا بۆ ئەوەی هەست بە ئازادییەکی کاتی بکات."
ئێمباپێ پێشتر باسی لە لایەنێکی تاریکی دەوڵەمەندی و نێوبانگ کردبوو و گوتی "هەرچەند زیاتر پارەت هەبێت، کێشەکانت زیاتر دەبن، هەندێک کەس تێناگەن ژیانت چەند دەگۆڕێت."
کیلیان ئێمباپێ تاوەکو ئێستا ژیانی هاوژینیی پێکنەهێناوە و پێشتر رایگەیاندبوو، تاوەکو لە کاروانی یارییکردنی بەردەوامبێت بیر لەو پرۆسەیە ناکاتەوە و تەنیا دەیەوێت بیرکردنەوەی لای یارییکردن بێت.
ئێمباپێ بە 180 ملیۆن یۆرۆ چووەتە ریال مەدرید، 31 ملیۆن یۆرۆ مووچەکەیەتی، نێوبانگێکی زۆر گەورەی هەیە و لە باشترین یاریزانەکانی جیهانە، بەڵام نێوبانگ و پارە ئازادییەکەیان سنووردار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ