هاندەرانی زاخۆ یانەکەتان بڕیارێکی راستیداوە و دەستی بگرن

16-12-2021
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یانەی زاخۆ هاندەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چوونە ژوورەوەی هاندەران بۆ نێو یاریگەکان بە پارە شتێکە لە هەموو جیهاندا دەکرێت، تەنیا لە وڵاتە دواکەوتووەکان نەبێت لە رووی وەرزشەوە بە گشتی و تۆپی پێ بە تایبەتی، ئەوەی یانەی زاخۆ دەیکات و بڕیاری لێدراوە، ناکرێت پەشیمانبوونەوەی بەدواوە بێت و دەبێت وەک خۆی جێبەجێبکرێت، کە دەکرێت بەهۆیەوە گۆڕانکاری گەورە لە یانەکەدا رووبدەن، لەکاتێکدا لە جیهاندا باوی ئەوە نەماوە بێبەرامبەر بچیت بۆ سەیرکردنی یارییەکانی یانەیەک لە ساڵانە پارەیەکی زۆر لە دروستکردنی تیپەکەیدا خەرجدەکات.
 
یانەی زاخۆ چەند رۆژێک لەمەوبەر لە پێشهاتێکی نوێدا بڕیارییدا ئامادەبوونی هاندەران لە یارییەکانیدا لە خول و جامی عێراق بکاتە پارە و لەمەودوا ئەوەی دەیەوێت بینەری یارییەکان بێت، دەبێت بە بلیت بچێتە نێو یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ، ئەم بڕیارەش کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێکی زۆری هاندەرانی یانەکە لە سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە دەکەن.
 
ئەم بڕیارە لە بەرژەوەندی کێدایە و چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر پێشەڕۆژی یانەی زاخۆ و هەر یانەیەکی دیکە کە بڕیارێکی هاوشێوە دەدات؟.
 
یانەی زاخۆ کە ئەم بڕیارەیداوە، بە فرۆشتنی بلیتی یارییەکانی دەتوانێت داهاتێکی زۆری دەستبکەوێت، بۆ نموونە ئەگەر بلیتی یاری بە 2 هەزار دینار بێت و 10 هەزار هاندەر ئامادەبێت ئەوە بۆ یەک یاری دەکاتە 20 ملیۆن دینار، ئەگەر یانەکە لە مانگێکدا دوو یاری لەنێو یاریگەی خۆیدا ئەنجامبدات داهاتەکە تەنیا لە رێگەی هاندەرانەوە دەگاتە 40 ملیۆن دینار جا ئەمە تەنیا بۆ دوو یاری تۆ بێنە بەرچاوی خۆت بۆ 19 یاریی خولی عێراق کە زاخۆ لە وەرزێکدا لە یاریگەی خۆیدا ئەنجامیدەدات چەند داهات دەهێنێت؟، کە لە راستیدا 2 هەزار بۆ کەسێک بڕێکی وا زۆر نییە و بۆ یانەکەش دەبێتە داهاتێکی گەورە و زیادەیەکی زۆرباش دەخاتە سەر ئابووری یانەکە.
 
زاخۆ بەو پارەیەی لە هاتنی هاندەران بۆ یاریگە دەستیدەکەوێت، دەتوانێت یاریگەکەی باشتربکات و لە رووی خزمەتگوزارییەوە کاری باشتر بۆ پێشوازیکردن لە هاندەران بکات، بۆ ئەوەشی هاندەری زیاتر لە یارییەکانیدا ئامادەبن دەکرێت داوا لە یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بکات، یارییەکانی یانەکە لە شەودا بکرێن، کە لەو کاتانەدا زۆرینەی ئەوانەی لە رۆژدا کاریان هەیە دەتوانن بچن بۆ یاریگە و بینەری یارییەکان بن.
 
چوونە ژوورەوەی هاندەران تەنیا لەرووی پارەدانەوە بۆ هاندەران قورسە، بەڵام ئەرکی زاخۆ زۆر زیاتر لە ئێستا قورس دەکات، بۆ؟
 
یانەکە پێویستە تیپێکی بەهێزتر و رێکخراوتری بۆ رکابەریکردن لە خول و پاڵەوانێتییەکاندا هەبێت و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات، چونکە هاندەران بە ئاسانی ئەوەی لە ماوەی رابردوودا قبوڵیان دەکرد قبوڵی ناکەن.
 
هاندەران داوای خزمەتگوزاری زیاتر دەکەن و ناکرێت پارەبدەن و بچنە نێو یاریگەیەکدا کە پەیژەکانی پیس بن و جێگە نەبێت لەسەری دابنیشن، بۆیە یانەی زاخۆ لەسەریەتی یاریگەیەکی خۆش، پاک و خاوێن و گونجاوتر بۆ هاندەران ئامادەبکات.
 
یانەی زاخۆ ناچار دەبێت گوێ لە هاندەرانی بگرێت، لە نزیکەوە بۆچوونی هاندەرانی لەسەر ئەنجام و ئەو گۆڕانکارییانە بزانێت کە لە یانەکەدا روودەدەن، لەکاتێکدا لە هەموو جیهاندا هاندەر رۆڵی گەورەی لە بڕیارەکانی یانەدا هەیە، بەتایبەتیش لە گواستنەوەی یاریزاناندا و ئەو یاریزانانەی زۆرترین هاندەر خواستی لەسەرە یانە هەوڵ بۆ گواستنەوەی دەدات، نموونەیەکی زیندووشتان پێدەڵێم " هاندەرانی یانەی کریستاڵ پاڵاسی ئینگلیزی پارە کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی یانەکەیان بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ کۆنۆر گالاگێر بکڕێتەوە کە یاریزانی چێڵسییە و بە خواستن لە یانەکە یارییدەکات."
 
بۆ پەیداکردنی داهات لە رێگەی هاندەرانەوە لە جیهاندا رێگەی جیاواز هەن، کە دەکرێت زاخۆ و یانەکانی دیکە جێبەجێیان بکەن بۆ ئەوەی داهاتێکی باشتریان دەستبکەوێت و چیدیکە ساڵانە دەست بە پاڕانەوە نەکەن بۆ ئەوەی یانەکانیان بەڕێوەببەن، فرۆشتنی درێسی یانە، دانانی مارکێتی گەورەی تایبەت بە کەلوپەلی وەرزشیی یانە، فرۆشتنی کەلوپەلی یانە لە رێگەی ئۆنلاینەوە، دروستکردنی کافێ و رێستورانتی تایبەت بە یانە دەتوانن خزمەتی زیاتری یانە وەرزشییەکان بکەن، بەڵام بۆ کەس دەستی بۆ نابات نازانم بۆ؟
 
خاڵێکی گرنگ کە تاوەکو ئێستا لە کوردستان و عێراق نییە و تەنانەت لە ئاسیاش زۆر کەمە، دەکرێت یانەی زاخۆ هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی بنێت، ئەویش ئەوەیە کە ژمارەی درێسەکانی یارییکردن بۆ یاریزانەکانی زیادبکات، بۆ ئەوەی کاتێک هاندەرێک داوای درێسی یاریزانێک دەکات، یاریزانەکە بتوانێت درێسەکەی بدات بە هاندەران، نەک دوای پێدانی درێسەکە بە هاندەر یاریزانەکە درێسی نەبێت یاریی پێبکات، ئەمە شتێکی نوێ دەبێت لە تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا و هاندەرانیش زیاتر هاندەدات بۆ ئەوەی لە یارییەکاندا ئامادەبن.
 
شتێکی دیکە بۆ زیاتر لە یەک نزیکردنەوەی زاخۆ و هاندەران ئەوەیە کە پێویستە یانەی زاخۆ رێزێکی زیاتر لە هاندەرانی بگرێت، دەکرێت بۆ هەر یارییەک یان مانگانە خەڵاتێک دابینبکات و ئەو هاندەرانەی زۆرترینجار دەچنە دیار یارییەکانی یانەکە خەڵاتێکی تایبەت بکرێن و چەند کەلوپەلێکی وەرزشیی یانەکەیان پێشکێشبکرێت، کە ئەمەش دیسان پەشڤەچوونێکی نوێ دەبێت لە تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا.
 
دەستەی هاندەرانی زاخۆ دەبێت رۆڵێکی گەورە ببینن لە رێکخستنەوەی شێوازی هاندانی یانەکەیان، ناکرێت بە هیچ شێوەیەک رێگە بە دروستبوونی ئاژاوە و گوتنەوەی قسەی دوور لە گیانی وەرزشی بدەن و پێویستە جوانیی زاخۆ باشتر و جوانتر پێشانی هەموو لایەک بدەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە